گۆڤارى گولاَن تیپى گۆرِه‌پان و مه‌یدانى كچانى یانه‌ى ئالاَ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌

گۆڤارى گولاَن تیپى گۆرِه‌پان و مه‌یدانى كچانى یانه‌ى ئالاَ به‌سه‌ر ده‌كاته‌وه‌
تیپى گۆرِه‌پان و مه‌یدانى یانه‌ى ئالاَ له‌ ئاستى كچان به‌ به‌شدارى زیاتر له‌ 15یاریزان ماوه‌ى سىَ مانگه‌ دامه‌زراوه‌، له‌ یه‌كه‌م به‌شداری كردنیان له‌ پاڵه‌وانێتى گۆرِه‌پان و مه‌یدانى یانه‌كانى كوردستان توانیان پله‌ى سێیه‌م له‌سه‌ر ئاستى كوردستان به‌ده‌ست بهێنین، ماوه‌ى زیاتر له‌ دوو هه‌فته‌یه‌ له‌ خۆئاماده‌كردن دان بۆ به‌شدارى كردن له‌ پاڵه‌وانێتى كوردستان، كه‌ برِیاره‌ له‌ داهاتوویه‌كى نزیك له‌ شارى دهۆك ئه‌نجام بدرێت، ئێمه‌ش بۆ تیشك خستنه‌ سه‌ر ئاماده‌كردنى كچانى یانه‌ى ئالاَ بۆ ئه‌م پاڵه‌وانێتیه‌، ئه‌م راپۆرته‌مان ئه‌نجامدا.
سه‌ره‌تا راهێنه‌رى یانه‌ى ئالاَ (رێبوار محییه‌دین) له‌ باره‌ى خۆئاماده‌كرنیان وتى "ماوه‌ى سىَ مانگه‌ سه‌رپه‌رشتى ئه‌م تیپه‌ ده‌كه‌م، یانه‌ى ئالاَ دواى دامه‌زراندى ئه‌م تیپه‌ بۆ ماوه‌ى 15 رۆژ توانیمان به‌شدارى له‌ پاڵه‌وانێتى گۆرِه‌پان و مه‌یدانى یانه‌كانى كوردستان بكه‌ین و پله‌ى سێیه‌م له‌سه‌ر ئاستى نۆ یانه‌ی كوردستان به‌ده‌ست بهێنین، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وتێكى باش بوو بۆ ئێمه‌، چونكه‌ كۆكردنه‌وه‌ى تیپى كچان ئه‌رك و ماندووبوونێكى زۆرى ده‌وىَ، به‌شدارى كردن له‌ پاڵه‌وانه‌تیه‌كانیش یاسا و ته‌كنیك و هونه‌رى ده‌وىَ، تاكو یاریزان دروست ده‌كه‌ى زۆرى ده‌وىَ، هاتنى من له‌ یانه‌ى هه‌ولێر بۆ یانه‌ى ئالاَ چه‌ند كێشه‌یه‌ك له‌ نێوان من و د. حوسێن راهێنه‌رى یانه‌ى هه‌ولێر دروست بوو، هه‌رچه‌نده‌ ماندوبوونى زۆرم ده‌كێشا بۆ دروستكردنى یاریزان، به‌لاَم له‌وىَ ماف و ده‌ستكه‌وته‌كانم ده‌خورا، بۆیه‌ ناكرێت منیش كارێك بكه‌م و كه‌سێكى تر بیخوا، ده‌سته‌ی كارگێرِی یانه‌ى هه‌ولێریش دیاره‌ ئه‌ویان پىَ باشتر بوو له‌من، بۆیه‌ هاتمه‌ یانه‌ى ئالاَ و تیپى كچانم دامه‌زراند، ئێستا خه‌ریكى خۆئاماده‌كردنین به‌ به‌شدارى 15 یاریزان بۆپاڵه‌وانه‌تى یانه‌كانى كوردستان و عێراق له‌ شارى دهۆك، یاریزانه‌كانیشم هه‌موویان ته‌مه‌نیان بچووكه‌، ده‌سته‌ى كارگێرِى یاریزانیش پشتگیریه‌كى باشمان ده‌كه‌ن، بۆیه‌ منیش ئاره‌زووى ئه‌وه‌ ده‌كه‌م بتوانم ئه‌نجامێكى باش بده‌ست بهێنم له‌ پله‌ كانى سه‌ره‌وه‌ بین. به‌لاَم گه‌وره‌ترین كێشه‌ى ئێمه‌ نه‌بوونى یاریگایه‌كه‌ تایبه‌ت به‌م یارییه‌، له‌هه‌موو هه‌ولێریش یه‌ك یاریگاى تارتان هه‌یه‌ ئه‌ویش یاریگاى یانه‌ى هه‌ولێره‌".
یاریزان (فه‌یرۆز سه‌لاَحه‌دین)له‌ دایكبووى ساڵى 1994له‌ باره‌ى خۆئاماده‌كرنیان بۆپاڵه‌وانه‌تى گۆرِه‌پان و مه‌یدانى كوردستان وتى "رۆژانه‌ خۆئاماده‌كردنێكى باش ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ده‌ستى راهێنه‌رى یانه‌كه‌مان بۆئه‌وه‌ى هه‌وڵبده‌ین ئه‌نجامێكى شایسته‌ به‌ده‌ست بهێنین له‌ پاڵه‌وانه‌تى یانه‌كانى كوردستان". له‌ باره‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌ كوردستانیش وتى "ئاستى ئه‌م یارییه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند سالێك پێش ئێستا زۆر جیاوازى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، ئه‌وه‌ش ماناى پێشكه‌وتنى وه‌رزشه‌كه‌یه‌ له‌ كوردستان، به‌لاَم نه‌بوونى یاریگایه‌كى تایبه‌ت به‌خۆمان بۆ ئه‌م یارییه‌ كێشه‌ى ئێمه‌یه‌، به‌ هیواى ئه‌وه‌شین به‌زووترین كات یاریگایه‌كمان بۆدرووست بكه‌ن له‌گه‌ڵ یاریگایه‌كى داخراو".
یاریزان (بنار عه‌زیز) له‌ دایكبووى ساڵى 1992 وتى "ماوه‌یه‌كه‌ رۆژانه‌ دێینه‌ یاریگاى یانه‌كه‌مان و خۆمان ئاماده‌كه‌ین بۆ پاڵه‌وانه‌تى كوردستان بۆئه‌وه‌ى بتوانین ئه‌نجامێكى شایسته‌ به‌ده‌ست بهێنین له‌گه‌ڵ یاریزانان و راهێنه‌رى یانه‌كه‌مان، ئێمه‌ لێره‌ به‌ كۆمه‌لێك گرفتى وه‌رزشیه‌وه‌ رۆژانه‌ مه‌شقه‌كانمان به‌رِىَ ده‌كه‌ین, كێشه‌ى هه‌ره‌ سه‌ره‌كى ئێمه‌ نه‌بوونى یاریگایه‌كه‌ تایبه‌ت به‌م یارییه‌، یانه‌كانى كوردستان گرنگى باش به‌م یارییه‌ ده‌ده‌ن، به‌لاَم نه‌بوونى یاریگایه‌كى تایبه‌ت ئه‌وا كێشه‌یه‌كى گه‌وره‌یه‌، حه‌زیش ده‌كه‌ین كچان زیاتر روو له‌وه‌رزش بكه‌ن و خانه‌واده‌كانیش زیاتر هانى رۆڵه‌كانیان بده‌ن، بۆئه‌م یارییه‌".
یاریزان (نه‌هله‌ ئیبراهیم) له‌ دایكبووى ساڵى 1995 وتى "ئاستى ئه‌م یارییه‌ ئێستا به‌ره‌وپێشچوونێكى باشى به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌، چونكه‌ بووكى یارییه‌كانه‌، له‌ كوردستانیش گرنگه‌یه‌كى تایبه‌تى پێده‌درێت، به‌ تایبه‌تى بۆكچان، ئێمه‌ش ماوه‌یه‌كه‌ له‌مه‌شقێكى به‌رده‌وام داین بۆئه‌وه‌ى بتوانین وه‌كو پاڵه‌وانه‌تى پێشوو ئه‌نجامێكى شایسته‌ به‌ده‌ست بهێنین، به‌لاَم ئێمه‌ كێه‌شه‌كمان هه‌یه‌ ئه‌ویش نه‌بوونى یاریگایه‌كى تارتانه‌ بۆئه‌م یارییه‌، ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌كى نزیك ئه‌م كێشه‌یه‌مان چاره‌سه‌ر ببێت، ده‌توانم بڵێم ئه‌نجامی باشتر به‌ده‌ست ده‌هێنین له‌سه‌ر ئاستى كوردستان".
یاریزان (ژاكاو رۆسته‌م) له‌ دایكبووى ساڵى 1993 له‌ باره‌ى ئاستى ئه‌م یارییه‌ بۆكچان وتى "ئه‌م یارییه‌ یه‌كێكه‌ له‌ یارییه‌ هه‌ره‌ خۆشه‌كان به‌لاى من، له‌ یانه‌كانى كوردستان گرنگى تایبه‌تى پێده‌درێـت، رۆژ به‌ رۆژیش تیپه‌كانى كچان روو له‌ زیاد بوونه‌، ئێمه‌ش وه‌كو یانه‌ى ئالاَ ئێستا سه‌رقاڵى خۆئاماده‌كردنین بۆ پاڵه‌وانه‌تى كوردستان بۆئه‌وه‌ى بتوانین ره‌نجى ماندووبوونه‌كه‌مان بده‌ین، به‌لاَم كێشه‌ی سه‌ره‌كى ئێمه‌ نه‌بوونى یاریگایه‌كى تایبه‌ت به‌م یارییه‌ له‌ كوردستان"، وتیشى "هیوادارم خانه‌واده‌كانى تر وه‌كو ئێمه‌ ئازادى به‌ كچه‌كانیان بده‌ن بۆ وه‌رزش كردن".
یاریزان (ئیمان داود) له‌ دایكبووى سالىَ 1991 وتى "ئاستى یارى گۆرِه‌پان و مه‌یدانى كوردستان ئێستا له‌ جاران باشتره‌ ئه‌ویش به‌هۆى زیاتر خزمه‌تكردنى یانه‌كان بۆ ئه‌م یارییه‌، ئێستاش رۆژانه‌ له‌سه‌ر یاریگاى یانه‌كه‌مان خه‌ریكى خۆئاماده‌كردنین بۆ پاڵه‌وانه‌تى كوردستان و عێراق له‌ شارى دهۆك، به‌لاَم گرفتى ئێمه‌ نه‌بوونى یاریگایه‌كى تایبه‌ت به‌خۆمانه‌ بۆئه‌م یارییه‌، سوپاسى ده‌سته‌ى كارگێرِى و راهێنه‌رى یانه‌ ده‌كه‌ین كه‌ هاوكاریه‌كى باشمان ده‌كه‌ن، هیواداریشم بتوانین له‌ داهاتوویه‌كى نزیك ده‌ستكه‌وتێكى گه‌وره‌ بۆئه‌م یانه‌یه‌ به‌ده‌ست بهێنین".
Top