فڕۆكەی تەكسی ڤۆلۆسیتی لە خەیاڵەوە بۆ راستی

فڕۆكەی تەكسی ڤۆلۆسیتی  لە خەیاڵەوە بۆ راستی
خەیاڵ سەرچاوەی بیرۆكە و داهێنانە، ئەوەی ئەمڕۆ رەنگە بە خەیاڵ بێت سبەی ببێتە راستی، هەر وەك ئەوانەی دوێنێ بۆ ئێمە خەیاڵ بوون.
كۆمپانیای ڤۆلۆكۆپتەر بەنیازە هەر لەم ماوەیەدا خەیاڵێك وەڕاستی بگێڕێ، ئەویش تەكسییەكان لەبری ئەوەی جادەكان قەرەباڵغ بكەن بە ئاسماندا بفڕن و زووتریش بگەنە مەبەست.
لەم ماوەیەدا كۆمپانیای ناوبراو فڕۆكەی تەكسی جۆری VOLOCITY بەرهەمهێنا. ئەم فڕۆكەیە بەشێوەی ستوونی بەرز دەبێتەوەو بەهۆی 18 پەروانەی كە هەیەتی دەتوانێت بە خێرایی 110 كیلۆمەتر لە ئاسماندا بفڕێت. خێراییەكە زۆر نییە، بەڵام هەر ئەم خێراییە بۆ مەزنە شارەكان زۆرە، چونكە لە مەزنە شارەكان بەهۆی قەرەباڵغیەوە تەكسی جار هەیە مەودایەكی كەمیش ناتوانێ ببڕێت.
یەكێك لە كێشە گەورەكانی تەكسی فڕۆك بواری ئەمنیەتیەتی، چونكە بچووكترین كێشە لە تەكسی فڕۆكەدا زیانێكی گەورەی هەیە و یەكسانە بە نەمانی سەرنشینەكانی. بۆیە كۆمپانیای ناوبراو 18 پەروانە یا رۆتۆری بۆ داناوە. ئەگەر یەك یان دوو دانە لەو پەروانانەش تێكبچن كێشەی بۆ نایەتە پێش. لەسەریەك 9 پاتری بۆ داندراوە هەتا لەماوەی گەشتەكەیدا تووشی كێشەی نەمانی وزە نەیەت. ڤۆلۆكۆپتەر رادەگەیەنێ كە لەداهاتوودا ئەم تەكسیە بەبێ شۆفێر دەبێت و هەر خۆی بەبێ كۆنترۆڵی مرۆڤ كار دەكات.
Top