دوو شێوە كاتژمێر لە خزمەت تەندروستیدا

دوو شێوە كاتژمێر لە خزمەت تەندروستیدا
لەم چەند ساڵەی دواییدا هیچ لایەنێكی ژیان بە قەد هەند وەرگرتن و گرنگی پێدان لەلایەن بەرهەمهێنەرانی تەكنەلۆژیای نوێوە گرنگی پێنەدراوە. هەوڵێكی زۆر دراوە ئامرازەكانی تایبەت بە تاقیگە و كاروباری تەندروستی لە نەخۆشخانەكانەوە بەرەو ماڵەكان بگوازنەوە و بەكارهێنەر خۆی بەبێ یارمەتی پزیشك و كەسانی شارەزا لە ماڵەوە یان لە هەر شوێنێك بتوانی زانیاری سەبارەت بەخۆی و تەندروستی خۆی بزانێ، یان بتوانێ بە هۆی ئامێرێك چارەسەری نەخۆشی و ناساغی خۆی بكات..
لە پێشانگای CESی ئەمساڵدا تەكنەلۆژیای تایبەت بە تەندروستی جێگایەكی زۆری گرتبوو، زۆربەی كۆمپانیاكانی ئەم بوارە بەرهەمێك یان دوو بەرهەمیان لە بواری تەندروستی و چاودێری سەلامەتی خستبۆ روو. لێرەدا ئاماژە بە دوو شێوەكاتژمێر دەكەین كە لەو پێشانگایە نیشاندران.
ئامێری TOUCHPOINT BASIC بۆ كەمكردنەوەی سترێس و نیگەرانی: سترێس نەخۆشییەكی بێ ژان و ئازارە، بەڵام ژان و ئازارە رۆحییەكانی لە هەموو نەخۆشیەك زیاترن، نەخۆش لە ناخەوە دەڕوخێت بێ ئەوەی هەست پێبكات و لە كۆتایشدا تووشی زۆر نەخۆشی جەستەیی و رۆحی بكات. ئامێری TOUCHPOINT BASIC وەك كاتژمێر دەچێت، ئەو كاتەی كە هەستی بەوە كرد بەكارهێنەرەكەی تووشی نارەحەتی و سترێس دەبێت، دەست بە لەرین دەكات و بەو لەرینە لە ماوەی تەنیا نیو خولەكدا سترێسەكە كەم دەكاتەوە و لێدانی دڵ ئارام دەكاتەوە و تێكچوونی گەدە ناهێڵێ.
كاتژمێری OMRON HEARTGUID: ئەم كاتژمێرە تایبەتە بە پێوانی زەختی خوێن، زەختی خوێن نەخۆشییەكی درێژمەودایە، تووشبوو بەو نەخۆشییە دەبێت بەردەوام ئاگاداری خۆی بێت و رۆژانە زەختی خۆی بپێوێ، ئامێرەكانی زەختی خوێن زۆرن و بەكارهێنانیان ئاسانە، بەڵام كاتژمێرێك لە دەستت دابێ و بەردەوام زەختی بەكارهێنەرەكەی بگرێت ئەوە شتێكی دیكەیە، كاتژمێرەكە بەردەوام زەخت دەگرێ و تەنانەت شەوانەش، دواتر لێكدانەوەی مانگانەی هەیە بۆ نەخۆشیەكە و داتاكان بۆ مۆبایل بەڕێ دەكات و پزیشكی تایبەت دەتوانێت پشت بەو زانیاریانە ببەستێ.
Top