كاتژمێرێك بۆ كاتە مەترسیدارەكان

كاتژمێرێك بۆ كاتە مەترسیدارەكان
سەردەمی كاتژمێرە سمارتەكانە، هەرجارە و كاتژمێرێكی سمارت بە توانا و تایبەتمەندی نوێوە بەرهەم دێت، كاتژمێری سمارتی جۆری Vívoactive 3 Music یەكێكە لەو كاتژمێرانە كە لە پێشانگای ساڵانەی CESدا خرایەڕوو. ئەم كاتژمێرە بەرهەمی كۆمپانیای گارمێنی ئەمەریكییە. بۆخۆی راستەوخۆ بێ یارمەتی مۆبایل هێڵی ئینتەرنێت وەردەگرێ و تۆڕی خێرایی LTE و هەروەها G4ی هەیە. بە جارێك شەحن كردنەوە تا پێنج رۆژ تەنیا بۆ كاتژمێر و كات نیشاندان سوودی لێوەردەگیردرێ، بەڵام بۆ گوێگرتن لە مۆسیقا و بەكارهێنانی ئینتەرنێت شەحنی زوو دادەبەزێت.
كاتژمێری ناوبراو زیاتر بۆ گوێگرتن لە مۆسیقی و گۆرانییە، هەرچەندە كورتە پەیام بەڕێ دەكات و چاودێری و زانیاری لە بارەی گشت چالاكییەكی رۆژانەی جەستەیی تێدایە.
خاڵی جێگای سەرنج لە كاتژمێرەكەدا سیستەمی ئەمنییەتییە، كاتژمێری ناوبراو هەست بە رووداوەكان دەكات و بۆ نموونە ئەگەر بەكارهێنەرەكیە لە بەرزایی بكەوێتەوە خوار، یان تووشی پێكدادان بێت، ئۆتۆماتیكی شوێنەكانی فریاكەوتن یا ئەو ژمارانەی پێشووتر بۆی داندراون ئاگادار دەكاتەوە.
گەر بەكارهێنەر هەست بە مەترسی بكات و دەتوانێت دوگمەی مەترسی كە لەسەر كاتژمێرەكە هەیە پێنج چركە دابگرێ و كورتەپەیامێك بۆ ئەو كەسانە دەڕوات كە پێشتر بۆ ئەو مەبەستە دیاری كردوون. بە چالاك كردنی “garmin liveTrack” دەستبەجێ شوێنی جوگرافی خۆی بۆ هاوڕێیان و كەسە نزیكەكانی خۆی بەڕێ بكات. بۆ شۆفێران تایبەتمەندییەكی تێدایە ئەگەر هەست بەوە بكات شۆفێرەكە خەونووچكە دەیباتەوە یان تووشی دڵەراوكی و نیگەرانی بووە زەنگی ئاگاداركردنەوە لێدەدات.
Top