تەرازوویەكی سمارت رێژەی كالۆری و شەكریش دەپێوێ

تەرازوویەكی سمارت رێژەی كالۆری و شەكریش دەپێوێ
حەز دەكەی ئەو خواردنەی ئەمڕۆ دەیخۆی، بزانی رێژەی شەكری چەندە، یان چەندە كالۆری تێدایە، بۆ ئەوەی ئاگاداری تەندروستی خۆت بی و شەكر و كالۆری زۆر بەكارنەهێنی، تەرازوویەكی هۆشمەندی چێشتخانە لە پیشانگای ساڵانەی CESدا نمایشكرا، جگە لەوەی كێشی شتەكان دەپێوێ، رێژەی شەكر و كالۆری ناو شتەكانیش دیاری دەكات، بۆ نموونە كاتێك پارچە گۆشتێك یان گڵاسە برنجێك دەخەیە سەر تەرازووەكە پێت دەڵێت ئەم گۆشت و برنجە ئەوەندە شەكر و ئەوەندە كالۆری هەیە.
تەرازووە هۆشمەندەكە بە Pepper ناسراوە، لە سیستەمی دەنگی ئەلكسای ئامازۆن سوود وەردەگرێت، ئەم تەرازووە دەتوانێت لێكدانەوە بۆ 150 جۆر خۆراك بكات كە رۆژانە بەكار دەهێندرێت. تەرازووی ناوبراو لەگەڵ تۆڕی وای-فای دەبەسترتێەوە و دەتوانێت مێژووی ئیسكپایەری خواردنەكانیش لەخۆیدا خەزن بكات، تەرازووەكە تەنیا ئەركی كێشان ناكات، بگرە كۆترۆڵی ئامێرەكانی ماڵەوەش وەك گلۆپ و ئامێرە ئەلكترۆنییەكان دەكات، تەنانەت دەكرێت ماڵپەڕەكانیش بەهۆی تەرازووەكە بكەیەوە. ئەگەر رژێمێكی خۆراكیت هەبێ و دكتۆر بۆ نموونە دەڵێت نابێ لەو رێژەیە زیاتر خوێ بەكار بێنی، ئەو رێژەیە دەخەیە سەر تەرازووەكە، هەركاتێك رێژەكە لەوە تێپەڕی، بە زەنگێك بەكارهێنەرەكەی هۆشیار دەكاتەوە.
Top