كیبۆردێكی گەیمی بەهێز و سەرنج راكێش

كیبۆردێكی گەیمی بەهێز و سەرنج راكێش
لەم سەردەمەدا هەڵبژاردنی ئامێرێك لە ناو سەدان ئامێری هاوشێوەی خۆیدا زۆر ئەستەمە، زۆرجار یەكێك دەپرسێت چ مۆبایلێك بكڕم، چ لاپتۆپێك بكڕم؟ ناتوانم وەڵامی بدەمەوە چونكە لەنێو سەدان جۆر ئامێری وادا كامەیان پێشنیار بكەم! دەبێ پرسیار بكەی بۆ چ مەبەستێك بەكاری دەهێنی؟ ئەوكات هەڵبژاردنەكە ئاسان دەبێت، وەك یەكێك دەڵێت دەمەوێت مۆبایلێك بێت كامێرایەكی بەهێزی هەبێت، یان لاپتۆپێك بێت بۆ كاری دیزاین و نەخشەسازیمە، یان كیبۆردێكم دەوێت پتەو و بەهێز بێت..
كیبۆردی جۆری ROCCAT VULCAN 120 AIMO لە ریزی باشترین و بەهێزترین و جوانترین ستایلی كیبۆرد دێتەژمار.. لەیەكەم نیگادا بەبێ هیچ چەشنە ریكلام و پێداهەڵگوتنێك، كیبۆردەكە سەرنجت رادەكێشێ، دوگمەكانی وەك شووشەیەكی روون دەچن، بەڵام بەهێزن لە پشت دوگمەكانەوە گلۆپی رەنگی هەیە كە بەكارهێنەر بەویستی خۆی دەتوانێ رەنگەكانیان بگۆڕێ و هەموو رەنگەكانی جیهان لەخۆی دەگرێ.. كاتێك پەنجە لەسەر دوگمەكان دادەنێی لەگەڵ ئەوەی بەهێزن، بەڵام هەست بە نەرمی دەكەی.. كیبۆردە تایبەتە بە گەمە و یاری ئەلكترۆنی، هەرچەندە بۆ هەموو ئەركێكی دیكەش دەگونجێت، دوگمەكانی دەكرێت ئەرك و فەرمانی تایبەتیان پێ بسپێری.. كێشی كیبۆردەكە هەندێك لە كیلۆیەك زیاترە.. كیبۆردەكە هەرچەندە وایەری هەیە بەڵام لە یەك كاتدا بۆ دوو ئامێر دەگونجێت..
Top