كاتژمێرێكی هۆشمەند مانگ و نیوێك شەحنی دانابەزێ

كاتژمێرێكی هۆشمەند مانگ و نیوێك شەحنی دانابەزێ
لە ئامێرە دیجیتالیە هۆشمەندەكاندا، یەكێك لە خاڵە لاواز و بەهێزەكانی دابەزین و دانەبەزینی وزەیە، رەنگە مۆبایل هەبێ كە گشت ئەركەكان بە رێكی ئەنجام بدات و تایبەتمەندییەكانی لەسەرێ بن، بەڵام شەحنی زوو دادەبەزێت، ئەمە دەبێتە گرفتێكی سەرەكی و تایبەتمەندییەكانی دیكەشی وەبەرچاو ناگیردرێن. پێچەوانەی ئەمەش دروستە.
كاتژمێرە هۆشمەندەكان كە ئێستا تا رادەیەك شوێنی خۆیان كردۆتەوە، ئەویش وەك مۆبایلەكان كێشەی شەحنكردنەوەیان هەیە، زۆبەیان ئەوپەڕی سێ رۆژ شەحن لەخۆیاندا رادەگرن، بەڵام كاتژمێری جۆری Amazfit Bip لەوانە نییە. ئەم كاتژمێرە هەتا 45 رۆژ واتە مانگ و نیوێك شەحنی دانابەزێت.
كاتژمێرەكە ستایلەكەی چوارگۆشەیە، لەیەكەم سەرنجدا زۆر وەك كاتژمێری ئەپل دەچێت. جگە لەوەش ئەركەكانی دیكەی وەك هەموو كاتژمێرە هۆشمەندەكان ئەنجام دەدات، وەك لێدانی دڵ، پێوانەی مەودای رۆیشتن، رێژەی سووتانی كالۆری و وزە، هەڵسەنگاندنی چۆنییەتی خەوی بەكارهێنەر... كاتژمێرەكە قەبارەكەی 1,28 ئینجە، شاشەكەی بەهێزە، سیستەمی GPS تێدایە، نیو كاتژمێر بەبێ ئەوەی هیچی لێبێت دەكرێت لەنێو ئاودا مەلەی پێبكەی، كێشی تەنیا 31 گرامە. بۆ هەردوو سیستەمی ئەندرۆید و ios دەگونجێت، لەگەڵ راهێنانی زۆربەی وەرزشییەكان دەگونجێت وەك، یاری ئاسن، پایسكل لێخوڕین، رۆیشتن بەپێ و مەلە كردن..
Top