ئامازۆن و دوو ئیكۆ

ئامازۆن و دوو ئیكۆ
ئامازۆن گەورەترین فرۆشگای یان بڵێین سۆپەر ماركێتی ئینتەرنێتییە، سۆپەرماركێتێكی جیهانی! وەك كورد دەڵێت سەری مار و مێرووی تێدایە، دەست بۆ هەرچی بەری لەوێدا گیرت دەكەوێ و هەر ئەوەندەیە ناوونیشانی خۆت بنووسی و لەگەڵ دانی پارەی كەلوپەلەكە، ئەوە لە ماوەیەكی كەمدا دەگاتە دەستت.
كۆمپانیای ئامازۆن هەر بەوەندە نەوەستاوە كە كەلوپەل و بەرهەمی كۆمپانیاكانی دیكە بفرۆشێت، چەند ساڵێكە بۆخۆشی دەستی كردووە بە بەرهەمهێنانی ئامێری دیجیتالی، نوێترین بەرهەمەكانی ئامازۆن چەند echoیەكن. لێرەدا ئاماژە بە دوو لەم ئیكۆیانە دەكەین.
ئیكۆ شۆ (Echo Show): پێكهاتووە لە شاشەیەكی 10 ئینجی لە جۆری HD كە لەسەر مێز دادەنرێ، زۆر وەك سپیكەری ئەلیكسا دەچێت، یانی هەر پرسیارێك لەم شاشەیە بكەی، لە ئینتەرنێت دەگەرێ و لەماوەیەكی كەمدا وەڵامت دەداتەوە، نەك پرسیارێ بەڵكو هەر داواكارییەكیش بكەی، هەتا دەتوانی داوای حەیرانێكی سیساوەیش بكەی، یان هەواڵەكانی كاتژمێری رابردووی رووداوت بۆ لێبداتەوە.
ئیكۆ شۆ كامێرایەكی 5 میگاپیسكلی هەیە بۆ ئەوەی كە بەشێوەی HD وێنە بگری و بە دەنگ و رەنگەوە پەیوەندی بكەی.
ئیكۆ ئوتو(Echo Auto): ئەم ئیكۆیە تایبەتە بە ناو ئۆتۆمبیل، بەهۆیەوە پێویست ناكات، فلاش میمۆری بۆ گوێدان بە گۆرانی لەسەر ئۆتۆمبیلەكەت دابنێی، یان موبایلەكەتی پێوە پەیوەند بدەی. دەكرێت لە هەر شوێنێك بی، هەر فەرمانێك كە مەبەستتە بە ئیكۆ ئۆتوی بكەی، بۆ نموونە پێی بڵێی كەش و هەوا سبەی چۆن دەبێت، یان دەنگ و باسی هەڵبژاردن گەیشتە كوێ. یان بە ویستی خۆت حەزت لە گۆرانی چ هونەرمەندێك بوو گوێی لێبگری. وزەی خۆی لە شوێنی چەرخی جگەرە، یان شوێنی دانانی USB وەردەگرێت. دەتوانی وەك ریمۆت كۆنترۆڵیش بەكاری بێنی، بۆ نموونە لە كاتی نزیك بوونەوە لە گەراج، داوا بكەی دەرگات بۆ بكاتەوە، یان دەكرێت لەكاتی كەم بوونی بەنزیندا، پێی بڵێی نزیكترین بەنزینخانە لەم شوێنە كوێیە؟
Top