دوگمەی بیرهێنانەوە

دوگمەی بیرهێنانەوە
كاروباری و گرفت و كێشەی رۆژانە وامان لێدەكەن زۆر شتمان لەبیر بچێتەوە، جار هەیە نیازمان هەیە بچینە لەكاتژمێرێكی دیاریكراودا ئەركێك ئەنجام دەین یان بچینە شوێنێك بەڵام لەبیرمان دەچێتەوە، هەرچەندە موبایل بۆ ئەم بەشە كارئاسانی زۆری كردووە، بەڵام لەبیرمان نامێنێ پرۆگرامەكە بە موبایلیش بسپێرین.. لەبیرچوونەوە بەتایبەتی بۆ ئەوانەی تەندروستیان باش نییە و دەبێ لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا دەرمانەكانیان بخۆن زۆر گرنگە چونكە مەسەلەی مەرگ و ژیانە.. بۆ چارەسەری لەبیرنەچوونەوەی دەرمان و چارەسەرییەكان، دوگمەی دیجیتالی (klikkit) بەرهەم هاتووە. ئەم دوگمانە بۆ بیرهێنانەوەی خواردنی دەرمان و ئەركی رۆژانە كە بەردەوام دەبێ ئەنجامی بدەین یارمەتیمان دەدات. دوگمەكان دەكرێت لەسەر شتە جۆراوجۆرەكان وەك (قوتوی دەرمان یا بتڵی ئاو) بدەی. پاشان ئەوەندە بەسە بەهۆی ئەپلكەیشنێكەوە كاتی بیرهێنانەكەی بۆ دیاری بكەی، ئەوكات دوگمەكان لەكاتی دیاریكراودا یان جەرەس لێدەدەن یان پەیامێك بۆ موبایل دەنێرێن. دواتر دوگمەكە دادەگرین و دەنگەكە دەوەستێ. ئەو دوگمانە بۆ نەخۆش و بەساڵداچووان زۆر گرنگە.
Top