چۆنییەتی ناسین و لەناوبردنی ڤایرۆسەكان

چۆنییەتی ناسین و لەناوبردنی ڤایرۆسەكان
هەموومان كەم و زۆر دەزانین ڤایرۆسی كۆمپیوتەر چییە، ڤایرۆس ئەو پرۆگرامانەن كە سیخوڕی دەكەن، فایلەكان تێك دەدەن، زیان بە هارددیسكی كۆمپیوتەر دەگەیەنن و داتا گرنگەكان بۆ شوێنی مەبەست دەگوازنەوە..هتد. بەڵام چۆن دەكرێ لە چنگ ئەوان رزگاریمان بێت؟
یەكەمین پێشنیار بۆ ئەوانەی كە گومان دەكەن كۆمپیوتەرەكەیان تووشی ڤایرۆس بووە ئەوەیە كە لەسەرەتادا تووشی ترس و دڵە خورپە نەبن، دواتر وا بیر نەكەنەوە كە ڤایرۆس دەتوانی گشت زانیارییەكانی سەر كۆمپیوتەرەكە بسڕێتەوە.
چۆن بزانین كە كۆمپیوتەر تووشی ڤایرۆس بووە؟ گەر كۆمپیوتەرەكە خێرایی سیستەمەكەی دابەزی، گەر ئۆتۆماتیكی سایتێك دەكاتەوە كە تۆ نەتكردۆتەوە، گەر سیستەم بكوژێت و هەڵبێتەوە، یان گەر فایلێك دەكەیەوە كەچی فایلەكە تێكچووە...هتد. ئەوانەی هێمای ڤایرۆسن. لەسەرەتادا بۆ لەناوبردنی ڤایرۆس دەبێ، ئەنتی ڤایرۆسێكی بەهێزت هەبێت، هەرچەندە هێندێك ڤایرۆس پرۆگرامی ئەنتی ڤایرۆسیش لەكار دەخەن. گەر كۆمپیوتەر هیچ ئەنتی ڤایرۆسێكی لەسەر نەبوو، دەبێ حەتمەن ئەنتی ڤایرۆسێك دابندرێ. هیچ كاتێك دوو ئەنتی ڤایرۆس لەسەر كۆمپیوتەر دامەنێن، چونكە خێرایی كۆمپیوتەر دادەبەزێنن و دەبێتە هۆی لەكاركەوتنی سیستەم. هەندێك ئەنتی ڤایرۆسیش ئیزن نادات، ئەنتی ڤایرۆسی دیكە لەسەر كۆمپیوتەر هەبێت، لەو كاتەدا سیستەمەكە تێك دەدات. گەر ئەنتی ڤایرۆس رایگەیاند كە كۆمپیوتەرەكەی لە ڤایرۆس پاك كردۆتەوە، دەبێ كۆمپیوتەر ریستارت بكرێتەوە و سەرلەنوێ ئەنتی ڤایرۆسی لێبدرێتەوە. گەر لیستی ڤایرۆسەكان بەتاڵ بوو ئەوە دیارە سەركەوتوو بووە، بەڵام گەر لیستەكە هەروەك خۆی بوو، ئەوە نیشان دەدات كە ئەنتی ڤایرۆسەكە، ڤایرۆس دەیدۆزێتەوە، بەڵام نایسرێتەوە. گەر هەستت بەوە كرد كە كۆمپیوتەرەكەت تووشی ڤایرۆس بووە، دەبێ گشت پاسۆردەكانی خۆت بگۆڕی، چونكە رەنگە مەبەستی ڤایرۆس نووسەكان، دزینی پاسۆرد و حیسابی بانك بێت. هەمیشە لە دوا ساتدا كە هیچ چارەیەك نەما پەنا بۆ فۆرماتكردنی سیستەم بەرن، ئەویش بەر لە فۆرماتكردن فایلە پێویستەكان بخەنە سەر فلاش یان DVD.
رێگاكانی هاتنی ڤایرۆس بۆ كۆمپیوتەرەكەتان، یان فلاش و ئامێرەكانی گواستنەوەی داتایە، یان ئەنتەرنێتە. كە ئەنتەرنێت لە ریزی یەكەمدایە، بۆیە دەبێ هیچ كاتێك ئەو ئیمێلانە نەكەنەوە كە خاوەنەكەی ناناسن!
Top