ماددەی زیانبەخش لەناو خۆراكی قوتووبەنددا

ماددەی زیانبەخش لەناو خۆراكی قوتووبەنددا
زۆربەی خۆراك و شیرە و خواردنەوە قوتووبەندەكان ماددەی كیمیاییان تێدەكرێت بە مەبەستی ڕێگرتن لە گەشەی هەر میكرۆبێك، هەروەها بە مەبەستی هێشتنەوەی تام و ڕەنگ و بۆن. ئەم ماددە زیادە خۆراكییانە Food additives لەمێژە كە لە پیشەسازی خۆراكدا بەكاردەهێنرێن، گەلێك لەم ماددە كیمیاییانە زیان بە تەندروستی دەگەیەنن، بۆیە بەكارهێنانی گەلێكیان لە پیشەسازی خۆراكدا قەدەغە كراوە. قوتووی پلاستیك ماددەی بیسفینۆل لەخۆدەگرن، هەروەها ئەو چینەی كە ناوپۆشی قوتووە كانزاییەكانی پێ داپۆشراوە لە پلاستیك دروستكراوە كە ئەم ماددەیە لەخۆدەگرێت. بیسفینۆلA Bisphenol یان BPA كە لە هەندێك پلاستیك و ناوپۆشی قوتووەكانی خۆراكدا بەكاردێت چەندین كێشەی تەندروستی پەیدا دەكات. بیسفینۆل هاوسەنگی هۆرمۆنەكانی لەش تێكدەدات بەمەشەوە كاریگەری دەكاتە سەر لایەنی زاوزێ، لەوانەشە كە ببێتە ئەگەری تووشبوون بە هەندێك جۆری شێرپەنجە. بەرزترین ئاستی سەلامەتی بیسفینۆل لە ڕۆژێكدا بریتییە لە 50 مایكرۆگرام بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش، بەڵام وا باشترە كە بڕی ڕۆژانەی بیسفینۆل هەرگیز پتر نەبێت لە 0.0024 مایكرۆگرام بۆ هەر كیلۆگرامێك كێشی لەش. بەگشتی زیاد بەكارهێنانی خۆراك و خواردنەوە قوتووبەندەكان لە لایەنی تەندروستییەوە پەسەند ناكرێت.
Top