وەرزش چوستی سێكسی باشتر دەكات

وەرزش چوستی سێكسی باشتر دەكات
ئەمە ڕوون و ئاشكرایە كە چالاكی سێكسی بەتایبەتی لە پیاودا پشت بە لێشاوی خوێن و دروستی خوێنبەر و خوێنهێنەرەكان دەبەستێت، تا خوێن بە باشی بەناو خوێنبەر و خوێنهێنەری دروستی كۆئەندامی زاوزێدا گوزەر بكات هێندە چوستی سێكسی باشتر دەبێت. كەواتە دروستیی ئەم لوولە خوێنیانەی نزیك كۆئەندامی زاوزێ مەسەلەیەكی یەكجار گرنگ و فەرامۆش نەكراوە. هۆكاری زۆربەی هەرە زۆری حاڵەتەگانی گرفت یان لاوازی سێكسی لە پیاودا دەگەڕێتەوە بۆ گرفت یان نەخۆشی لە لوولە خوێنەكانی ناوچەكەدا، بۆ نموونە نەخۆشی ڕەقبوونی خوێنبەرەكان. لە حاڵەتی ئاساییدا و لەو كاتەی كە لوولە خوێنیەكانی چوك دروستن و دوچاری نەخۆشی نەبوونەتەوە، ئەوسا پەستانی خوێن لەناو ئەندامی نێرینەدا یەكسان دەبێت لەگەڵ پەستانی خوێن لە باسكدا واتەپەستانی خوێنی گشتی لەش، ئەمەش مانای ئەوە دەبەخشێ كە خوێنبەرەكان لەوپەڕی توانا و چوستیدان. لە ئافرەتیشدا كەمی لێشاوی خوێن بۆ ئەندامەكانی حەوز كاریگەری دەكاتە سەر وروژانی سێكسی ئافرەت، خوێن تێزان، تەڕبوونی زێ. وەرزش تاكە ڕێگەیە بۆ زیادكردنی چوستی بۆڕییەكانی خوێن، بەمەشەوە چوستی سێكسی باشتر دەبێت، هەروەها كێشی لەش كۆنترۆڵ دەكات، چونكە قەڵەوی ئەگەری توشبوون زیاتر دەكات بە ڕەقبوونی خوێنبەرەكان، نەخۆشی دڵ، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، نەخۆشی شەكرە، كە هەموویان كاریگەری نێگەتیڤ دەكەنە سەر لێشاوی خوێن بۆ ناوچەكە. لە لایەكی تریشەوە دەبێتە ئەگەری: كزی وروژان و كەمبوونەوەی ئارەزووی سێكسی، گرفت لە هەڵبژاردنی پۆزیشنەكانی جووتبوون، گرفتەكانی هەناسە لەكاتی سێكسكردندا، زووماندووبوون، كزی لە ئەنجامدانی چالاكییە سێكسییەكاندا، كاردانەوە دەروونیە نێگەتیڤەكان كە بە توندی كاریگەری خراپ دەكەنە سەر لایەنی سێكسی.
Top