رۆژانە سێوێك بخۆ

رۆژانە سێوێك بخۆ
وتوویانە كە رۆژانە خواردنی سێوێك لە دكتۆر دوورت دەكاتەوە. بەهای خۆراكی سێو گەلێك لە چێژە خۆشەكەی زیاترە. سێو چەندین پێكهاتەی گرنگ لە ڤیتامین و كانزا لەخۆدەگرێت، كە سێو بە تفرەوە دەخۆیت ئەوا چوار گرام رێشاڵەی رووەكی وەردەگریت، بە هەرحاڵ سێوی بێ پێستیش هەر سوودی زۆرە، بەڵام تفرەكەی جگە لە ریشاڵ چەندین مادەی دژەئۆكسانی Antioxidants سروشتی تێدایە بە ناوی پۆلیفینۆلیكەكان Polyphenols و بایۆفلاڤانۆیدەكان Bioflavoniods. ئەم ماددە دژەئۆكسانانە یارمەتی دابەزاندنی كۆلیستیرۆل دەدن، هەروەها پارێزگاری لە تەندروستیی سییەكان دەكەن. كرداری ئۆكسان Oxidation زیانی زۆر بە لەش لەسەر ئاستی خانە دەگەیەنێ و كاریگەری خراپ دەكاتە سەر خودیDNA لەناو ناوكی خانەدا، كە زۆر جار دەبێتە ئەگەری دابەشبوونێكی كۆنترۆلنەكراوی خانە كە ئەمەش سەرەتای سەرهەڵدانی شێرپەنجەیە. وا باشترە كە سێو بە تفرەوە بخورێت و زۆر ورد نەكرێت، چونكە بە وردكردن هەندێك لە ماددە گرنگە خۆراكییەكان تێكدەشكێن. هەروەها لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە خواردنی سێو مرۆڤ لە نەخۆشی دڵ دەپارێزیت و سێو سیفەتی دژەشێرپەنجەی هەیە.
Top