نووستن بەقەد خۆراك گرنگە

نووستن بەقەد خۆراك گرنگە
نووستن Sleep وەكو خۆراك و وەرزش بۆ تەندروستی گرنگە، بەبێ نووستن ناتوانین كە فرمانەكانی ژیانی رۆژانە بە باشی بەسەر بەرین هەتا لەوانەشە كە دوچاری نەخۆشی بین. ئایا دەزانی كە بە نووستن لەشمان دەحەسێتەوە و وزە دەپارێزێت، هەورەها پەستانی خوێن دادەبەزێت، لێدانەكانی دڵ كەم دەبنەوە، خێرایی هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوە كەم دەبێتەوە، ئارەزووی خواردن ئاسایی و ئاستی شەكری خوێن جێگیر دەبێت، پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت، بەڵام مێشكمان هەر چالاك دەمێنێتەوە و یادەكان جێگیر دەكات و خۆی بۆ چالاكی رۆژێكی نوێ ئامادە دەكات. كەمی نووستن دەبێتە ئەگەری خەوهاتن لەكاتی رۆژدا لەگەڵ هەستكردن بە هیلاكی و بێهێزی، شەرئێشەی بەیانیان Morning headache، زوو لەبیركردن، پەستی، خەمۆكی. هەروەها ئەو كەسانەی كە تێر ناخەون زیاتر رووبەڕووی نەخۆشی و كارەساتەكان دەبنەوە لەگەڵ ئەگەری تووشبوونیان بە راهاتن لەسەر دەرمان و ئەلكهول. پێویستە ئەم راستییە زانستییەش بزانرێت كە شێوە و ماوەی نووستنمان لەگەڵ تەمەندا بە بێ هۆكاری نەخۆشی گۆڕانی بەسەردا دێت.
Top