لابردنی لەوزەكان

لابردنی لەوزەكان
باوترین نەخۆشی لەوزەكان بریتییە لە هەوكردن Tonsillitis كە بە گشتی دوو جۆری هەیە، هەوكردنی فۆلیكیولی بە بەكتریا و هەوكردنی شانەكانی لەوزەكان بە ڤایرۆس. لەكاتی هەوكردنی لەوزەكان بە بەكتریا حاڵەتێكی باوە، جگە لە ئاوسان و سووربوونەوە چەندین پنتی یان چاڵی بچووك كە پڕن لە كێم لەسەر لەوزەكاندا بەدی دەكرێن. لە كاتی هەوكردنی لەوزەكان بە ڤایرۆس، لەوزەكان زیاتر دەئاوسێن و سووردەبنەوە لەگەڵ سووربوونەوەی شانەكانی دەورووبەریان. بڕیاری حەتمی بۆ نەشتەرگەری لابردنی لەوزەكان Tonsillectomy لەم حاڵەتانەدا دەدرێت: ئەگەر لە ماوەی ساڵێكدا 5- 6 جار هەوكردن دووبارە بێتەوە، ئەگەر تەنها یەك لەوزە دوچاری ئاوسان و هەوكردن بووبێت، بوونی كیسەی كێم و كولبوون لە لەوزەدا، هەناسەتەنگی لەكاتی نووستندا، گرێ و كولبوون لە یەك لەوزەدا. نەشتەرگەری لابردنی لەوزەكان بە شێوەیەكی رێژەییش لەم حاڵەتانەدا ئەنجام دەدرێت: ئەگەر پشكنینی خوێن بۆ رێژەی ASO بەرز بێت و بگاتە1\400 یان 1\800، بوونی پرخە Snoring، هەوكردنی گورچیلە یان شانەكانی دڵ، ئەگەر هەوكردنی لەوزەكان بووبێتە هۆی دواكەوتنی گەشە، ئاوسانی لیمفە گرێیەكانی كۆئەندامی هەرس.
Top