ئەو پیاو و ئافرەتانەی كە ناوقەدیان گەورەیە یان ناوقەدیان قەڵەوە زیاتر لە خەڵكانی ئاسایی رووبەڕووی گرفتی تەندروستی مەترسیدار دەبنەوە. لە لێكۆڵینەوەكاندا هاتووە كە ئەگەر چیوەی ناوقەدی پیاو 47 گرێ (نزیكەی 119 سانتیمەتر) یان پتر بێت و چیوەی ناوقەدی ئافرەتیش 42 گرێ (نزیكەی 106 سانتیمەتر) یان پتر بێت، ئەوا دوو ئەوەندە پتر لەو كەسانەی كە كێشی لەشیان ئاساییە نزیكن لە مەترسی مردن كە لە ئەنجامی ئاڵۆزییەكانی قەڵەوی وەكو نەخۆشی دڵ و شەكرە و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و جەڵتەوە روودەدات. كۆبوونەوەی چەوری لە ناوەڕاستی لەش یان لە دەوری كەمەر و گەورەبوونی چیوەی ناوقەد Waist circumference مەترسی دەخاتە سەر تەندروستی لە هەر پێوانەیەكی تێكڕای بارستایی لەش BMI كە وەكو كلیلێك بەكاردێت بۆ زانینی كێشی دروستی لەش و دەستنیشانكردنی قەڵەوی و لاوازی لەش، بۆ نموونە ئەگەر پێوانەی تێكڕای بارستایی لەش پتر بێت لە 30 واتە قەڵەوی، 25 – 29.9 واتە كێشی زیاد، كەمتر لە 18.5 واتە لاواز، 20- 24.9 واتە كێشی دروست و تەندروستییانە. بە مانایەكی تر، ئەگەر چێوەی ناوقەدی یەكێك گەورە بێت و تێكڕای بارستایی لەشی لە سنووری كێشی ئاساییدا بێت، هێشتا مەترسی گرفتی تەندروستی لێدەكرێت. كێشە تەندروستییەكانی پەیوەست بە ناوقەدی گەورە جگە لە ئاڵۆزییەكانی قەڵەوی بریتین لە: نەخۆشی دڵ، پەیدابوونی بەرگری دژی هۆرمۆنی ئینسۆلین، نەخۆشی شەكرەی جۆری دووەم. ئەوە گومانی تێدانییە كە بە دابەزاندنی كێشی لەش و پەیڕەوكردنی ریجیمێكی خۆراكی و وەرزش لەژێر چاودێری دكتۆردا، پێوانەی چیوەی ناوقەد بچووك دەبێتەوە، چونكە دابەشبوونی چەوری لە لەشی پێگەشتووەكاندا بە پلەی یەكەم كەوتۆتە ژێر كاریگەری هۆرمۆنەكانەوە، پاشان مەسەلەی زگماكی و هۆكارەكانی تر، بۆیە دەبینین كە زیادبوونێكی كەم لە كێشی لەشدا راستەوخۆ لە ناوچەی كەرش و كەمەردا دەردەكەوێت.