كونجی Sesame دەوڵەمەندە بە كانزایەكانی ئاسن، كالسیۆم، مەگنسیۆم، كۆپەر، زینك، فۆسفۆر، پۆتاسیۆم، مەنگەنیز، هەروەها ڤیتامینەكانی B1 و E، لەگەڵ رێژەیەكی باشی ریشاڵ Fiber. جگە لەمانە، زەیتی كونجی رێژەیەكی بەرز لە ماددە دژەئۆكسانەكان لەخۆدەگرێت كە هەندێكیان دژی شێرپەنجە كاردەكەن وەكو سیسامین Sesamin، هەندێكی تر وەكو لیگنانەكان Lignans رۆڵیان هەیە لە دابەزاندنی ئاستی كۆلیستیرۆلی خوێن كە رێژەكەیان دەگاتە نزیكەی 400 میللیگرام لە هەر 100 گرام كونجیدا. پێكهاتەكانی هەر 100 گرام كونجی كە سپی نەكرابێت بریتین لە: 26 گرام كاربۆهیدرات كە پێكهاتووە لە 17 گرام ریشال و 9 گرام شەكر، 48 گرام چەوری، 17 گرام پرۆتین، 131 میللیگرام كالسیۆم، 8 میللیگرام ئاسن، 346 میللیگرام مەگنسیۆم، 774 میللیگرام فۆسفۆر، 406 میللیگرام پۆتاسیۆم، 39 میللیگرام سۆدیۆم. هەروەها كونجی رێژەیەكی بەرز لە كانزای كۆپەر لەخۆدەگرێت كە رۆڵی هەیە لە كەمكردنەوەی ئازار و ئاوسانی جومگەكاندا كە تووشی نەخۆشی هەوكردنی رۆماتزیمی دەبنەوە، پاشان رۆڵی تری هەیە لە سستەمی دژەئۆكسانی ئەنزیمەكان و دژە هەوكردن، ئەمە سەرەڕای پاراستنی پتەویی ئێسك و جومگەكان و چوستیی لاستیكی بۆڕییەكانی خوێن. رێژە بەرزەكەی مەگنسیۆمیش گرنگی هەیە لە پاراستنی بۆڕییەكانی خوێن و كۆئەندامی هەناسەدا، بۆیە سوودبەخشە بۆ تووشبووان بە نەخۆشی رەبو Asthma و بۆ تووشبووان بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و تووشبووان بە نەخۆشی شەقەسەر، چونكە گرژبوونی بۆرییەكانی خوێن كەم دەكاتەوە. كانزای كالسیۆم، جگە لە گرنگییەكەی بۆ پاراسستنی پتەویی ئێسك و ددانەكان، خانەكانی رێخۆڵە ئەستوورە (قۆڵۆن) دەپارێزێت لەو ماددە كیمیاییانەی كە دەبنە هۆی شێرپەنجە، هەروەها ئەگەری سەرهەڵدانی نۆرەكانی شەقەسەریش كەم دەكاتەوە. كانزای زینك یان تۆتیا Zinc كە بە رێژەیەكی باش لە كونجیدایە، ئێسكەكان لە لاوازبوون یان كەمبوونەوەی چڕی Osteoporosis دەپارێزێت.