خۆراك بۆ خۆپاراســـــتن لــــە شێرپەنجە

خۆراك بۆ خۆپاراســـــتن لــــە شێرپەنجە
بەپێی لێكۆڵینەوەكی دەزگای توێژینەوەی شێرپەنجەی ئەمریكی 35%ی شێرپەنجەكان لەبەر جۆری خۆراك روودەدەن. لەمێژە مەسەلەی پێوەندی خۆراك بە شێرپەنجەوە باسی لێوە دەكرێ. توێژینەوەكان دەڵێن كە لەوانەیە خۆراكی كەم چەوری و پڕ لە سەوزە و میوە و ریشاڵی رووەكی مرۆڤ بپارێزن لە شێرپەنجە، بەڵام هەرگیز یەك جۆرە میوە ئەم ئامانجە ناپێكێت. زیاد خواردنی سەوزە و میوە واتە بڕی باشتر لە ڤیتامین، ریشاڵەی خۆراكی، ڤیتامین C، بیتا كارۆتین ( (Beta Caroteneو گەلێك كانزا و ماددەی گرنگی تر كە سیفەتی دژەئۆكسانیان (Anti-Oxidaition) هەیە، مرۆڤ دەپارێزن لە چەندین جۆری شێرپەنجە وەكو شێرپەنجەی سورێنچك، شێرپەنجەی گەدە، كۆلۆن (ریخۆڵە ئەستوورە)، قوڕقوڕاگە، پرۆستات، هەروەها شێرپەنجەی سییەكان، شێرپەنجەی مەمك لە ئافرەتدا. هەر لە زووێكەوە و لە سەرەتای هەشتاكاندا پەیمانگای شێرپەنجەی نیشتمانی ئەمریكی لە پرۆگرامی خۆپاراستن لە شێرپەنجەدا هەڵسەنگاندنی تەواوی سەبارەت بە كاریگەری و سەلامەتی ئەم ماددانە بڵاوكردۆتەوە، بۆ نموونە ماددەی لایكۆپێن Lycopen)) كە لە تەماتە و بیبەردا هەیە پیاو دەپارێزێ لە شێرپەنجەی پرۆستات، ماددە فینۆلیكەكان (Phenolics) و ماددە فلاڤۆنۆیدەكان Flavonoids)) كە لە سێو و هەنار و گێلاس و ترێ و شووتیدا هەیە مرۆڤ لە نەخۆشی دڵ دەپارێزن. بەهەرحاڵ ئەم ماددانە یەكجار زۆرن كە لە سەوزە و میوە و دانەوێڵەی جۆراوجۆردا هەن وەكو رووەكی ریشاڵدار، چونكە ریشاڵ ماددە شێرپەنجەكارەكان لە ریخۆڵەدا رادەماڵێت و نایەڵێت كە ماوەیەكی زۆر لەوێدا بمێننەوە، سەوزەی پەلكدار و رەنگ تاریك، گێزەر، پیاز، سیر، تەماتە و میوەكان بەگشتی، هەروەها دانەوێڵە، شیر، رووەكە پاقلەییە وشككراوەكان وەكو فاسولیا، زەیتی یان رۆنی پاقلەی سۆیا و رۆنی كەتان و چەوری ماسی. ریشاڵی رووەكی زیاد بخۆ بە خواردنی رووەكە پاقلەییەكان، دانەوێڵەی تەواو، میوە، لەگەڵ بەرە بەرە كەمكردنەوەی چەوری بەتایبەتی چەوری ئاژەڵ، گۆشتی سوور و شیرینەمەنی و دووركەوتنەوە لە خواردنەوەی ئەلكهول.
Top