كانزا خۆراكییەكان Dietary Minerals ئەو توخمە كیمیاییانەن كە لە خۆراكدان، كێشی ئەتۆمییان كەمە و بۆ لەشی مرۆڤ پێویستن، جگە لەكاربۆن و هایدرۆجین و ئۆكسجین و نایترۆجین كە لە مولیكیولە ئۆرگانییەكانی لەشدا بەشدارن. گرنگی كانزاكان زیاتر لەوەدایە كە یارمەتی كارلێكە زیندەكیمیاییەكان دەدەن لە لەشدا، هەر بۆیەشە كە بۆ پاراستنی تەندروستی پێویستن. بەبێ كانزاكان، لەش ناتوانێت سوود لە ڤیتامینەكان وەربگرێت، ئەنزیمەكان بە باشی فرمانی خۆیان ئەنجام نادەن، هاوسەنگی هۆرمۆنەكان دەشێوێت. خانەكانی مێشك و كۆئەندامی دەمار سیگناڵە كارەباییەكانیان بەهۆی تۆڕێكی كانزا بۆ هەموو بەشەكانی لەش دەگوازێتەوە. هەر لێدانێكی دڵ، هەر خانەیەك لە لەشدا پێویستی بە كانزاكانەوە هەیە بۆ ئەوەی بە باشی كاربكەن. جگە لە چوار توخمە بنەڕەتییەكان، نزیكەی شازدە كانزای خۆراكی بۆ تەندروستی پێویستن. نۆ كانزا لەمانە بە كانزا خۆراكییە زەروورەكان Essential لە قەڵەم دراون كە بە بڕی بچووك پێویستن، بەڵام فرمانی گرنگی لە لەشدا دەبینن، ئەمانە بریتین لە: ئاسن كە پێویستە بۆ هیمۆگلۆبینی خوێن، زینك(تۆتیا) كە لە چەندین ئەنزیمدا بەشدارە، سیلینیۆم دژەئۆكسانە و یارمەتی چەندیین كارلێكی كیمیایی دەدات، كۆباڵت كە پێویستە بۆ دروستبوونی ڤیتامین B12، كۆپەر و مەنگەنیز و مۆلبیدینۆم كە بۆ چەندین ئەنزیم پێویستن، یۆد كە پێویستە بۆ دروستبوونی هۆرمۆنی تایرۆكسین لە گلاندی دەرەقی. كەمی ئەم كانزایانە لە خۆراك كێشەی تەندروستی جۆراوجۆر پەیدا دەكات، بۆ نموونە كەمی كانزای ئاسن دەبێتە هۆی جۆرێكی كەمخوێنی، كەمی كۆباڵتیش دەبێتە ئەگەری جۆرێكی تری كەمخوێنی، كەمی یۆد دەبێتە ئەگەری سستبوون و ئاوسانی گلاندی دەرەقی.