دابینكردنی ڤیتامینەكان

دابینكردنی ڤیتامینەكان
ڤیتامینەكان Vitamins پێكهاتووی كیمیایی ئۆرگانی ئاڵۆزن، بە بڕی كەم پێویستن بۆ گەشە و هەموو چالاكییەكانی لەش. بە گشتی ڤیتامینەكان دەكرێن بە دوو گروپەوە، ئەو ڤیتامینانەی كە تەنیا لە چەوریدا دەتوێنەوە و لە چەوری لەشدا بۆ ماوەیەك خەزن دەكرێن وەكو ڤیتامین A، D، E، K، ئەو ڤیتامینانەی كە تەنیا لە ئاودا دەتوێنەوە و لە هەموو بەشەكانی لەشدا بۆ ماوەیەكی كورت خەزن دەكرێن وەكو ڤیتامین C و كۆمەڵەی ڤیتامین B. هەموو ڤیتامینەكان وەكو یەك گرنگن بۆ تەندروستی، بەڵام هەندێكیان زیاتر تایبەتمەندن بە ئەندامێك یان بە كۆئەندامێكی لەش، بۆ نموونە هەموومان گرنگی ڤیتامین A دەزانین بۆ چاوەكان بەتایبەتی بۆ كرداری بینین لەكاتی شەودا، هەروەها ڤیتامین C بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش دژی هەڵامەت و هەوكردنەكانی تری میكرۆبی. كەمی ڤیتامینەكان بە سووكی دەبێتە ئەگەری بێهێزی گشتی، كەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، زیاد هەڵوەرینی قژ، بەڵام كەمی ڤیتامینەكان بە شێوەیەكی سەخت دەبێتە هۆی نەخۆشی، بۆ نموونە شەوكوێری لەبەر كەمی ڤیتامین A، ئەسكەربووت Scurvy لەبەر كەمی ڤیتامین C، ئێسكەنەرمەی منداڵان Rickets لەبەر كەمی ڤیتامین D، بێری بێری Beriberi لەبەر كەمی ڤیتامین 1B، پێلاگرا Pellagraلەبەر كەمی ڤیتامین 3B، جۆرێكی كەمخوێنی لەبەر كەمی ڤیتامین B12..تاد. ڤیتامینەكان لە هەردوو سەرچاوەی خۆراكی ئاژەڵی و خۆراكی رووەكیدا هەن. بە بوونی زانیاری سەبارەت بە خۆراك و جۆراوجۆركردنی خۆراك، دەتوانیت بڕی تەواوی رۆژانەی ڤیتامینەكان بۆ لەشت دابین بكەیت، لە مانگی رەمەزانیشدا پێویستە كە خۆراكت جۆراوجۆر بكەیت، نەك پابەندبیت بە خواردنی بڕێكی زۆر لە یەك جۆری خۆراك بەتایبەتی خۆراكە چەور و شیرینەكان، هەوڵ بدە بڕی كەم لە هەر جۆرێكی خۆراك بخۆیت و بڕێكی باشی سەوزە و میوە بخۆیت كە سەرچاوەیەكی هەرزان و باشن بۆ ڤیتامینەكان و مادە دژەئۆكسانەكان سەرەڕای رێژەیەكی بەرزی ئاو. هەر لەگەڵ رۆژووشكاندندا گرنگی زۆر بە سەلاتەی جۆراوجۆر و میوە بدە، پاشان تا دەگاتە كاتی نووستن جارێكی تریش میوەی جۆراوجۆر بخۆ. هەرگیز هەوڵ مەدە كە ڤیتامینەكان بە شێوەی دەنك یان كەپسول یان شروبی مەڵتی ڤیتامین Multivitamins وەربگرێت، بەڵكو هەردەم وا باشترە كە ڤیتامیەنەكان بە شێوەیەكی سروشتی لە رێگای خۆراكەوە وەربگرێت.
Top