مەلاریا

مەلاریا
مشەخۆری پلاسمۆدیۆم Plasmodium هۆكارە بۆ نەخۆشی مەلاریا Malaria كە نەخۆشییەكی بڵاوە و بەهۆی مێیینەی مێشوولەی ئەنۆفێلس Anopheles دەگوازرێتەوە لە یەكێكی تووشبووەوە بۆ یەكێكی تر. پاش گەستنی پێست ئەم مشەخۆرە لە لیكی مێشوولەكە دەگاتە ناو خوێنی مرۆڤ و تووشی مەلاریای دەكات. گرنگترین نیشانەی مەلاریا لەرزوتایە، نەخۆش هەست بە سەرمایەكی زۆر دەكات و بە تووندی لەبەری دەلەرزێ، ئینجا تایەكی گەرم دەیگرێت ئەمە جگە لە سەرئێشەیەكی توند و ڕشانەوە، ئینجا پلەی گەرمی لەش دادەبەزێت و نەخۆش ئارەقەیەكی زۆر دەكات، ئینجا بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك هیچ نیشانەیەكی نامێنی تا 48 یان 72 كاتژمێر. ئەمەش بە خاڵێكی گرنگی دەستنیشانكردنی مەلاریا دادەنرێت. لە پزیشكیدا، مشەخۆری مەلاریا چوار جۆری هەیە، هەرجۆرێك بەرپرسیارە لە توند و تیژی نیشانەكانی سەختی مەلاریا، زۆر جار مەلاریا پەلاماری مێشك دەدات بەمەش دەوترێت مەلاریای مێشك Cerbral malaria كە تا ڕادەیەك مەترسیدار نییە ئەگەر زوو چارەسەر بكرێتكە تا رادیەكی زۆر سادەیە. بۆ دەستنیشان كردنی مەلاریا و چەسپاندنی لە تاقیگەدا، تەنیا دڵۆپە خوێنێك بەسە كە لەسەر سلایددا بە چینێكی تەنك یان چینێكی ئەستووری خوێن بە بۆیەی تایبەت رەنگ بكرێت و بپشكنرێت، مشەخۆری مەلاریا زۆر بە ئاسانی لەژێر میكرۆسكۆبدا دەناسرێتەوە. باشترین دەرمان بۆ چارەسەركردنی مەلاریا دەرمانێكە بەناوی كلۆرۆكوین Chloroquine ئینجا دەرمانی پریماكوین Premaquineكە هەردووكیان بە شێوەی دەنك بەكاردێن. بۆ قەڵاچۆكردنی مەلاریا ڕشاندنی شوێنە سێبەرەكان پێویستە، هەروەها وەرگرتنی دڵۆپە خوێنێك بەشێوەیەكی ڕۆتینی لە هەموو كەسێك بۆ پشكنینی لە تاقیگەدا كە زۆر پێویستە لەكاتی بڵاوبوونەوەی پەتای مەلاریادا. پاك و خاوێنیش بە خاڵێكی گرنگی قەڵاچۆكردن دادەنرێ بە داپۆشینی زبڵ و ڕشاندنی هەر ئاوێكی كۆبووە بەهۆی دەرمانی مێشوولەكوژی وەكو مەلاتیۆن یان دایازینون یان ئایكۆن.
Top