با سەوزە و میوە لە ژەمی رۆژانەدا زۆر بێ
هەوڵ بدە رۆژانە بڕێكی باش لە سەوزە و میوە و دانەوێڵە بخەیتە ناو خۆراكتەوە، ئەمەش كارێكی هێندە قوڕس نییە و كاتێكی زۆریشی ناوێت، چەندین هەنگاوی ئاسان و سادە هەیە بۆ ئەنجامدانی بۆ نموونە: سەوزە و میوەی تازە یان فریزبوو (بەستوو) یان قوتووكراو، ئەمانە هەموویان بە پێی گونجانی ژیانی رۆژانەت و كامیان ئاسانتر بێت بیخەرە ناو خۆراكتەوە، هەوڵ بدە كە رۆژانە بەلای كەم سێ جار میوەی جۆراوجۆر بخۆیت، بە تایبەتی لە نێوان سێ ژەمە سەرەكییەكانی خۆراكدا، لەپاش ژەمی خواردن لە جیاتی خواردنەوەی چای میوە دابنێ، لە جیاتی قاوە و سۆدە شیرەی میوەی سروشتی بخۆ، دەتوانیت میوەی وردكراو تێكەڵ بكەیت لەگەڵ ماست، شیر، كاستەر، كێك . هتد، لەگەڵ سوپ و شلەی سەوزەدا، وردە سەوزەی جۆراوجۆر تێكەڵ بكە وەكو گێزەر، تەماتە، بیبەر، سڵق، كەرەوز، بەقدونس(مەعدەنووس)، پونگ، قەرنابیت، پاقلەمەنییەكان، سەڵاتەی تێكەڵاو بەردەوام لەسەر سفرە دابنێ، هەوڵ بدە كە میوەی وشككراویش لە ماڵەكەتدا نەبڕێت وەكو مێوژ، خورما، هەنجیر، كشمش، قەیسی. كەواتە بەم رێگایانە و بە چەندین رێگای ئاسانتریش دەتوانیت بڕی میوە و سەوزە و دانەوێڵەكان لە خۆراكی رۆژانەتدا زیاد بكەیت بە پێی تایبەتمەندی و ستایلی ژیانت.