خۆراك و سستبوونی گلاندی دەرەقی

خۆراك و سستبوونی گلاندی دەرەقی
زیادبوونی كێشی لەش كە هۆكاری تەواوی دیار نەبێت، وا لە گەلێك كەس دەكات كە سەردانی دكتۆر بكەن. هەندێك كەس سەرەڕای پابەندبوونێكی تەواو بە ریجیم و مەشقی بەدەنی یان وەرزش بە شێوەیەكی رێكوپێك تەنانەت یەك كیلۆگرامیش كێشی لەشیان دانابەزێت، لەوانەیە هۆكاری ئەمە بگەڕێتەوە بۆ سستبوونی گلاندی دەرەقی Hypothyroidism، ئەمەش زۆر بە ئاسانی بە پشكنینێكی خوێن بۆ هۆرمۆنەكانی گلاندی دەرەقی دەستنیشان دەكرێت. پاش دەستنیشانكردن و وەرگرتنی چارەسەر بە هۆرمۆنی تایرۆكسن Thyroxine لەژێر چاودێری دكتۆردا، تووشبووان دەتوانن بە ئاسانی كێشی لەشیان دابەزێنن بە مەرجێك بە تەواوی پابەندی بەرنامەی دابەزاندنی كێش بن لە ریجیمی خۆراك و وەرزش لەژێر چاودێری دكتۆردا. تووشبوو بە سستبوونی گلاندی دەرەقی كە چارەسەری هۆرمۆنی وەردەگرێت پێویستە خۆی لە هەندێك جۆری خۆراك و دەرمان و یارمەتیدەرە خۆراكییەكان بە دووربگرێت كە كاریگەری دەكەنە سەر كاریگەرییە پۆزەتیڤەكانی دەرمانی هۆرمۆنی، ئەم خۆراكانەش بریتین لە: هەر خۆراكێك كە خوێی زیاد لەخۆبگرێت وەكو جیبس و ترشیات، یارمەتیدەری خۆراكی(مقوی) كە كانزای ئاسن و كالسیۆمی تێدابێت، دەرمانەكانی كولبوونی گەدە و دوازدەگرێ، دەرمانەكانی دژی دڵەكزێ و زیادبوونی ترشەلۆكی گەدە، هەندێك لەو دەرمانانەی كە بۆ دابەزاندنی كۆلیستیرۆل بەكاردێن، چونكە دەبنە ئەگەری تەگەرە خستنە بەر هەڵمژینی هۆرمۆنی تایرۆكسین.
Top