ئەستووكە بـــــــــــە تەندوور

ئەستووكە بـــــــــــە تەندوور
ساڵەهای ساڵە كورەدەواری خۆمان بە كاری جوان و بەپێز بەردەوامییان بە ژیان داوە، ئەمەش وایكردبوو كە پەنا نەبەن بۆ بەرهەمی بیانی لە گشت كەرەستە و خۆراك و شتی دروستكراو، یەكێك لەو خواردنە خۆشانەی كە پێشان هەبووە، تا ئەمڕۆش بە شێوەیەكی كەم ماوە، ئەویش ئەستووكە بە تەندوورە، ئەستووكە بە تەندوور، وەك خواردنێكی بەیانیان، تەنانەت بۆ ئێوارانیش دادەنرا، بەڵام زیاتر بۆ بەیانیان بوو، لەگەڵ چای یان ماست و دۆ و قەیماغ و سەرتوو دادەنرا، دروست كردنی ئەستووكە بە تەندوور، سەرەتا بە شێلانی هەویرێكی باش و تێكردنی هەویری ترش تاوەكو هەویرەكە هەڵسێت و بۆ ماوەیەكی باشیش دەشێلدرا تا بە جوانی یەكدی بگرێت، دواتر هەویرەكە دادەپۆشرێت بۆ ماوەی زیاتر لە دوو كاتژمێر، پاشان تەندوور گەرم و سوور دەكرێتەوە، هەویرەكە دەكرێتە ئەنگوتك و سەرەوەی هەر ئەنگوتێك چەور دەكرێ بە رۆنی زەیت یان كەرەی ئاسایی، بەڵام دەبێ ئاگرەكە بكوژێتەوە و تەنیا ئاگرە سوورەكە دەمێنێتەوە، دەبێ پارچە پەڕۆیەك لە دەست بخرێت ودەبێ زۆر بە قایمی هەویرەكە لە تەندوورەكە بدرێت، تاوەكو بیگرێت و بەری نەدات دوای سووربوونەوە، بە ماشە ئەستووكەكە لە تەندوورەكە دەردەهێنرێت، ئینجا لەسەر سفرە بۆ خواردن ئامادە دەبێت.
Top