شاری ماردین و ڕێوڕەسمی هاوسەرگیریی!

شاری ماردین و ڕێوڕەسمی هاوسەرگیریی!
كوردستان ئەگەر هەر چوار پارچەی یەك بگرێتەوە دەبێتە یەكێك لەخۆشترین وڵاتانی جیهان، چونكە لەهەر لایەنێكی پڕە دیمەنی جوان و شارستانیەتێكی كۆن و خاوەن مێژوویەكی دێرین، ئەمەش بەهەر چوار پارچەكەیەوە، كوردستانی باشوور و باكوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، یەكێك لەو شارە كۆن و جوانانەی لەكوردستانی باكوور هەیە، كە شارێكی خنجیلانەیە و دەكەوێتە بناری شاخێكی بەرز و جوانەوە، ئەویش شاری (ماردین)ە. شاری ماردین دەكەوێتە كوردستانی باكوور و باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتی توركیا، ڕێژەی دانیشتووانی دەگاتە (65) هەزار كەس، ئەو شارە جوانە دەكەوێتە بناری چیای ماردین كە ئەو چیایە گرنگییەكی مێژوویی و كۆنی هەبووە لەداستان و شۆڕشەكانی كورد، شاری ماردین (3) دەرگای سەرەكی هەیە كە پێیدەگوترێ: دەرگای (ئاسنین و مەشكییە و وێنە)، لەماردین دوو مزگەوتی گەورە هەیە بەناوەكانی (مزگەوتی گەورە و مزگەوتی شەهید)، هەروەها چەند كڵێسەیەكی لێیە لەوانە: كلێسای مار شمونە و عەزرا و زەعفران، یەكێك لەجوانترین نەریتەكانی ئەو شارە، شێوازی هاوسەرگیریە، كە ئەویش بەم شێوەیە ئەنجامی دەدەن: دوای ئەوەی كوڕ و كچێك یەكتریان بەدڵ دەبێ، پاشان هەردوو ماڵی كوڕ و كچە، یەكتر دەبینن و ئەمەش لەداوەتێكی ماڵی كچە بۆ ماڵی كوڕەكە و لەویشەوە دوای ڕەزامەندی ئافرەتان دەست بەلێدنانی (هەلهەلە) دەكەن، لەو كاتەش كوڕەكە یان زاوا دەچێتە لای بووك و تارایەكی سەر بووكە دەهێنێتە خوارەوە ئەمەش بەمانای شكاندنی شەرم و دواتر ڕۆژی (شەكراو) خواردنەوە دیاری دەكرێ، لەڕۆژی شەكراو خانمی بووك دادەنیشێ و تاوەكو زاوا دێ و ئیتر بووكە دەچێتە لای زاوا دادەنیشێ و ئینجا شیرینی و شەربەت دابەش دەكرێ و پاشان لەڕۆژی ئاهەنگ دەڕۆنە دەرەوەی شاری ماردین و پاشان خۆشوشتنی بووك و زاوا دێ، كە ئەوەش زاوا بەجیا لەگەڵ چەند گەنجێك دەچێتە شوێنێك بەناوی (زنار) لەوێوە خۆی دەشوا لەئاوی ئەو شوێنە و هەمان شتیش بۆ بووكە خان كە ئەویش ئەو خۆشووشتنە دەكات ئەمەش دەبێ لەسەر پشتی ئەسپەوە بێ، دواتر لەلایەن كەسێكی بووكەكەوە، بووكە پێشكەش بەزاوا دەكرێ هەر لەڕێگادا، پاشان دێنەوە ماڵەوەو لەوێشەوە كەسێك بەدەست بەخەنجەرەوە دێتە پێش ئامادەبووان و خەنجەر لەزەوی دەدا و هەر یەكە دیاری خۆی پێشكەش دەكات ئەمەش بە(شاباش) ناسراوە، پاشان دەبێ زاوا بەپێ بڕوات و بووكەش لەسەر ئەسپ بێ و ئیتر دەڕۆنە ماڵی زاوا و ژیانێكی خۆش بەسەر دەبەن.
Top