باســــــــووق و سەجــــــووق

باســــــــووق و سەجــــــووق
زۆربەمان ئەو خواردنە خۆشەمان خواردووە كە پێی دەگوترێ باسووق و سەجووق، یەكێكە لەو هەویركاری و خواردنە خێرایەی كە ساڵانێكە كورد دروستی دەكات، بەتامە خۆشەكەیەوە دەمت پڕ ئاو دەكات و زیاتر لەشارۆچكەی شەقڵاوە دروست دەكرێ، چونكە شەقڵاوەییەكان زیاتر بەدروستكردنی ئەو خواردنانە بەناوبانگن وەك: تەمر هیندی – نانەقەیسی- باسووق و سەجووق، لێرەدا دەمانەوێ باس لەدروست كردنی ئەو خواردنە خۆشە بكەین كە باسووق و سەجووقە.
لەیەكێك لەدروستكاری ئەو خواردنەم پرسی كە چۆن دروست دەكرێ، ئەویش بەم جۆرە وەڵامی دامەوەو گوتی: سەرەتا شیر و نیشاستە دەهێنین و تێكەڵی یەكتریان دەكەین، دواتر هەنگوینی سرووشتی دەخرێـتە سەر و پاشان دەكوڵێنرێ و تێكەڵی یەكتر دەبن هەر سێ كەرەستەكە، لەكاتی كوڵاندنەكە لیمۆندزی تێدەكرێ تاوەكو تامەكی ترش و خۆش بێ، دوای ئەوەی ماوەیەك لەسەر ئاگر دەبێ، ئینجا دەهێنرێتە خوارەوە و تا سارد دەبێـتەوە، دواتر لەگەڵ گوێزی ورد كراو تێكەڵ دەكرێن، كە ئەوەی یەكەم وەك هەویرێكی شل وایە، خۆت دەتوانی وای لێبكەی توند بێ یان شل بێ، دواتر لەقالبی خۆی دەدرێ كە شێوەی وەك بازنە لێدەكرێ و دەبێـتە شێوەیەكی لوولەكی، بەم جۆرە باسووق و سەجووق دەردەكەوێ. سەبارەت بەڕەنگی باسووق و سەجووقەوە، دوو ڕەنگی هەیە، ڕەش و سپی، لەو كاتەی دۆشاوی تێدەكرێ ڕەنگی ڕەش دەردەكەوێ، لەو كاتەش بێ دۆشاوە، ڕەنگی شیرەكە دەداتەوە و دەبێـتە سپی.
Top