سۆپای دار ئامێرێكی كۆن و بەسوود

سۆپای دار ئامێرێكی كۆن و بەسوود
كوردەواری زۆر شتی جوان و بەنرخیان هەبووە، تەنانەت قسە و حیكمەتەكانیشیان ئەمڕۆ پەندێكە و لەزۆربەی زۆری بەشەكانی ژیانمان دەست دەدات و كاریگەری خۆی دەبێ، نەوەك تەنیا لەو لایەنەوە، بەڵكو لەزۆربەی لایەنەكانی دیكەی ژیانیشمان وایە، یەكێك لەو كارە جوان و سەیرەی كە كوردەواری دروستیان كردووە، یان بیرۆكەیان بۆی داناوە، ئەویش (سۆپای دار)ە، ئامێرێكی سادە و كاریگەرە، لەژیانی سەختی سارد و سەرماوە كاری خۆی كردووە، سۆپای دار، بریتییە لەشێوە سندووقێكی دروستكراو لە كانزا، كە هەیە لەشێوەی بازنەیی یان شێوەی چوارگۆشە یان لاكێشە دەبێ، یان شێوەی دیكەی هەیە، ئەو سۆپایە بەدار كار دەكات، ئەمەش دەبێ لەوەرزی هاوین و پێشووتردا، دار و بار بهێنرێ لەداری شاخ و یان داری ڕەز و ئەو شوێنەی داری لێ بەدی دەكرێ و دەبڕدرێتەوە، پاشان ئەو دارە وشك دەكرێتەوە و هەڵدەگیری تا لەوەرزی سەرما بەكاربهێنرێ لەگەڵ سۆپاكە. لەبەشی سەرەوەی سۆپای دار، لوولەكێك هەیە كە دووكەڵی سووتانی دارەكە لەژوورەوە بەرەو دەرەوەی دەبات، كە ئەو لوولەكە ڕاستەوخۆ بەسەقفی ئەو شوێنە بەستراوە و بەم جۆرە دووكەڵی ئاگرەكە دەباتە دەرەوە، لەخوارەوەش شوێنێك هەیە پێی دەگوترێ دەرگای سۆپا، كە لەوێوە داری وشك كراوە دەخرێتە ناوی و بۆ ئەوەی ئاگرەكە زیاتر خۆش بكات، لەگەڵ ئەوەشدا تەنیا گەرمییەكەی دەمێنێتەوە و لەژوورەوە بۆ هەر چوارلاوە دابەشی دەكات، زیاتریش سۆپای دار لەناوەڕاستی ژوور دادەنرێ، ئەمەش بەمەبەستی دابەش كردنی گەرمییەكەیە بۆ سەرتاپای ژوورەكە.
Top