كانی سەرچاوەی ئاو و جێگەی ژوان

كانی سەرچاوەی ئاو و جێگەی ژوان
سروشتی جوانی كوردستان پڕە لەچەندین وێنەی ڕەنگین و سەرسوڕهێنەر و پڕە لەجوانی و لێوان و لێو تەژی لەئەفسوون و وێنەی سیحراوی، كانی و كارێز و سەرچاوەكانی ئەو بەشێكی ئەو وێنایە پێك دەهێنن بەتایبەت لەوەرزی بەهار كە وەرزی تەقینی كانی و كارێزەكانە، كانی لەئەنجامی توانەوەی بەفری چیاكان لەدامێنی چیاكان پەیدا دەبێت، وێڕای دیمەنە جوانەكەی چەندین سوودی هەیە وەك دەستكەوتنی ئاوێكی پاك بۆ هەموو مەبەستەكان و ڕێگە گرتن لەوشكە ساڵی و ئاوەدانی ڕەز و باغ، كانی لەفەرهەنگ و مێژوودا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بووە بۆ لادێ و گوندەكان لەڕێگەی گۆزەو شەربەوە، ئاو لەكانیەوە دەگوازرایەوە بۆ ماڵەوە، شتێكی جوان هەیە لەكوردەواری خۆمان، ئەویش دڵدارییە لەسەر ڕێگای كانی، كاتێك كچانی كورد دەڕۆن بۆ ئاو هێنان بەگۆزەوە، كوڕانیش بەدوایان دەبن و یان زۆر جار سەر كانی بۆتە جێگەی ژوان و دیاری گۆڕینەوە، تەنانەت چەندین گۆرانی و بەستە بەسەر كانیدا گوتراوە، كە باس لەسەر كانی و كیژۆڵان و كوڕانیش كە بەنهێنیەوە سەیریان دەكەن، یان وەك جێگەی ژوانیان ئیشق و خۆشەویستی دەگۆڕنەوە.

رەوەند بەختیار
Top