قەوان ئامێرێكی كۆن و پڕ جۆش

قەوان ئامێرێكی كۆن و پڕ جۆش
ئامێری قەوان ئەو كەرەستە دەگمەنە كۆنەیە كە وەك هۆكارێك بۆ گوێگرتن لەئاواز مۆسیقاو گۆرانی بەكاردەهات، ئامێری قەوان مێژوویەكی لەمێژینەی هەیە لەهەگبەی فۆلكلۆری و هونەری كوردی، قەوان بەدەنگێكی زۆر نایاب و خۆشەوە دنیایەك وێنە و خەیاڵی جوانی بۆ جێهێشتووین، قەوان كە لەجێگەی سی دی ئێستایە لەڕێگەی ئەو ئامێرەوە دەخوێندرایەوە، تۆماركردنی ئاواز و مۆسیقا لەسەر قەوان لەڕێگەی تۆمارگەی تایبەتەوە ئەنجام دەدرا كە بەشێوەی بازنەی خولاو تۆمار دەكرا، ئەوەی شایەنی باسە بەهێزی و توانای مانەوەو درەنگ تێكچوونی تایبەتمەندی بەرزی ئەو ئامێرەن، كە ئەو ئامێرە بە قورمیش كار دەكات و لەچەند بەشێك پێكهاتووە، تیری دەنگ وەرگر، بڵندگۆی دەنگ و سندووقی قەوان، پێش ئەوەی قەوانەكە بخەیتە سەری، دەبێ هەندێك قورمیشی بكەی، دواتر قەوانەكە دەخەیتە سەر شوێنی خۆی كە دەخولێتەوە، پاشان تیری دەنگ وەرگرەكە دەخرێتە سەر سەرەتای قەوانەكە كە دەست بەڕاكێشانی دەنگەكە دەكات بۆ ناو بڵنگۆیەكە، ئەو بڵندگۆیە، كار دەكات لەبەرزكردنەوە و گۆڕینی دەنگی سەر قەوانەكە بۆ دەنگێكی بەرزتر كە مرۆڤ گوێی لێدەبێ، بەم جۆرە ئیتر قەوانەكە دەخوولێتەوە تاوەكو تیری میوزیكەكە دەگاتە كۆتایی قەوانەكە و ئیتر گۆرانی بێ یان سروود یان هەر شتێك كۆتایی پێدێ، دەنگی قەوان خۆش بووە و تەنانەت لەچایخانەكان دادەنرا و لەسەرەتادا كەم بووە، بەڵام دواتر لەزۆربەی ماڵەكاندا هەبووە، كە ئامێرێكی جوان و خنجیلانەیە و تەنانەت تا ئەمڕۆش بەشێوەیەكی زۆر كەم دەبینرێت و گوێ لێوە دەگیرێ، ئەمەش بەهۆی پێشكەوتنی تەكنۆلۆژیای سەردەمەوە.
Top