ئەمریکا گەڕێکی دیکەی گەمارۆ بۆ سەر ئێران دەست پێ دەکات و ئێرانیش بەشێک لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی دەست پێ دەکاتەوە
میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئاشکرایان کردووە ئەم هەوڵەی ئێران "کاردانەوەیەکە بە چوونە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران (بەرجام) و هاوکات بێ بەڵێنیی وڵاتانی ئەورووپی لە بەرانبەر ئێران".
پێگەی فەرمەی دەنگ و ڕەنگی ئێران لەزاری سەرچاوەیەکی نزیک لە "لیژنەی چاودێریی ڕێککەوتنی ناوکی" کە ناوەکەی ئاشکرا نەکردووە، نووسیویە: "هێشتا پرسی هاتنە دەرەوە لە ڕێککەوتنی ناوکی لەئارادا نییە" و دەسپێکردنەوەی چالاکیی نوێ لە چوارچێوەی مادەکانی "٢٦ و ٣٦ و ٣٧"دا دەبن.
بەپێی زانیاریی میدیاکانی ئێران بڕیارە سبەینێ چوارشەممە 2019.5.8 کە یەکەم ساڵڕۆژی هاتنە دەرەوەی ئەمریکایە لە ڕێککەوتنی ناوکی لەگەڵ ئێران (بەرجام) حەسەن ڕۆحانی سەرکۆماری ئێران بە فەرمی لە میدیا حکوومەتییەکانەوە لە بەرانبەر هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لەو ڕێککەوتنە نوێترین هەڵوێستی ئێران ئاشکرا بکات و پێشبینی دەکرێت لەوێ بە فەرمی دەسپێکردنەوەی چالاکییە ئەتۆمییەکان ڕابگەیەندرێت.
لە بەرانبەردا ئەمریکاش بڕیارە سبەینێ هەر بەم بۆنەوە گەڕێکی دیکەی گەمارۆ بۆ سەر ئێران دەست پێ بکات کە ئەویش گەمارۆیە بۆ سەر کەرتی پترۆکیمیایی (بەرهەمە نەوتییەکان) و بەم کارە ئاستەنگێکی دیکە لە بواری بازرگانی و پیشەسازی بۆ ئێران دروست دەبێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا هەردوو وڵات هەڕەشەی گوشارهێنان و تەنانەت کردەوەی سەربازیشیان لە یەکتر کردووە و ئەمریکا بڕیارە هێز و چەکۆچۆڵی پێشکەوتوو و بۆمبهاوێژی ونێ بهێنێتە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاشکرای کردووە لە هەر کردەوەیەکی سەربازیی ئێراندا بە توندترین شێوە وەڵامی ئێران دەدرێتەوە.
باسنیوز