دوای بڕیارەكەی ترەمپ لەبارەی چین نرخی نەوتی خاو دابەزینی تۆماركرد
دوای ئەوەی دوێنێ یەكشەممە، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا بە شێوەیەكی بەرچاو باج دەخاتە سەر كەلوپەلی چین، نرخی نەوت لە بازارەكانی جیهان دابەزینی تۆماركرد و بە شێوەیەكی گشتی بە رێژەی لە سەدا دو نرخی ئەو بەرهەمە دابەزی.
بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، ئەمڕۆ دوشەممە نرخی نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی لەسەدا 2.1 دابەزیوە و نرخی یەك بەرمیل لەو بەرهەمە كردویەتیە 69.34 دۆلار لە كۆتا مامەڵەدا، ئەوەش بە بەراورد بە مامەڵەی پێشوتری رێژەی 1.51 دۆلار لە نرخی ئەو بەرهەمە كەمیكردوە .
نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی تەکساسی رۆژئاوای ئەمریکا بە ڕێژەی لەسەدا 2.1 دابەزیوە، كە نرخی یەك بەرمیل دەكاتە 60.44 دۆلار و بەو پێیە 1.5 دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك لەو بەرهەمە دابەزیوە.
بڕیارەكەی ترەمپ لەكاتێكدایە، گەورە بەرپرسانی هەریەك لە چین و ویلایەتە یەكگرتوەكان بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشە ئابوریەكانی نێوانیان ماوەی چەند مانگێكە لە دانوستاندان، بەپێی شارەزایانی ئابوری پێدەچێت ئەو بڕیارەی ترەمپ مەترسی بخاتە سەر دانوستانەكانی نێوان هەردو وڵات.
هاوكات رۆژنامەی واشنتن پۆست رایگەیاندوە، لە ئێستادا حكومەتی پەكین بڕیاری كشاندنەوەی هەموو دانوستانە بازرگانیەكانی لەگەڵ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا تاوتوێ دەكات.
خەندان-