ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەو بڕیارە كۆتایی پێدێنێت كە لە ساڵی رابردودا بە مەبەستی پێدانی مۆڵەت بە هەندێك لە وڵاتان بۆ كڕینی نەوتی ئێران رایگەیاندبو.

ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەو بڕیارە كۆتایی پێدێنێت كە لە ساڵی رابردودا بە مەبەستی پێدانی مۆڵەت بە هەندێك لە وڵاتان بۆ كڕینی نەوتی ئێران رایگەیاندبو.
پێدەچێت ئەمڕۆ دوشەممە، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دوایین مۆڵەت بۆ كۆتاییهێنان بە هاوردەكردنی نەوتی ئێران لە لایەن وڵاتانەوە رابگەیەنێت.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی واشنتن پۆست-ی ئەمریكی، ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا ئەو بڕیارە كۆتایی پێدێنێت كە لە ساڵی رابردودا بە مەبەستی پێدانی مۆڵەت بە هەندێك لە وڵاتان بۆ كڕینی نەوتی ئێران رایگەیاندبو.

ئەو وڵاتانەی نەوت لە ئێران دەكڕن لەمەودوا لە سزاكان نابەخشرێن


جۆش رۆگن، سەرنوسەری سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتیمانی رۆژنامەی واشنتن پۆست-ی ئەمریكی ئەمڕۆ دوشەممە بڵاویكردەوە، "ئەو وڵاتانەی نەوت لە ئێران دەكڕن لەمەودوا لە سزاكان نابەخشرێن".

ئەو لێدوانەی رۆگن دوای ئەوەدێت لە ماوەی چەند هەفتەی رابردودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، "بەنیازە بڕیارەكانی لێخۆشبون لەبارەی سزاكانی ئێران كۆتایی پێبهێنێت"، بۆ ئەو مەبەستەش جۆن بۆڵتن، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی وڵاتەكەی رادەسپێرێت.

حەوتی مانگی تەموزی ساڵی 2018 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكایەتی بە مەبەستی سەپاندنەوەی سزاكانی وڵاتەكەی بەسەر ئێراندا بڕیارێكی واژۆكرد و بەپێی بڕیارەكە سزاكەی ئەمەریكا بە دو قۆناغ بەسەر ئێراندا جێبەجێکرا.

قۆناغی یەكەمی سزاكانی ئەمریكا لە مانگی تەمموزی ساڵی 2018 دەستیپێكرد


بەپـێی بڕیارەكەی ترەمپ، قۆناغی یەكەمی سزاكانی ئەمریكا لە مانگی تەمموزی هەمان ساڵەوە دەستیپێكرد، كە سزا خرایە سەر بازاڕی دراوی ئێران و قەدەغەش خرایە سەر بازرگانیكردن بە ئاڵتون و كانزاكانی دیكە لەگەڵ ئێراندا، لەوکاتەوە رێگە نادرێت هیچ تەكنەلۆژیایەكی پەیوەست بە كەرتی پـیشەسازی و دروستكردنی ئۆتۆمبیل بە ئێران بدرێت.

هاوكات قۆناغی دوەمی سزاكان لە 5ی تشرینی دوەمی 2018 ەوە دەستیپێکرد كە هەناردەی نەوتی ئێران و ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە ڕێگەی بەندەرەكانی ئێرانەوە یاساغ كرا، هاوکات ژمارەیەکی زۆر لە کۆمپانیاکانی بازرگانی لە ئێران کشانەوە.

سەبارەت بە سزاكانی ئێران لە رێكەوتی 5ی تشرینی دوەمی ساڵی 2018دا، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكان ناوی ئەو هەشت وڵاتەی ئاشکراکرد کە لە سزاکانی وڵاتەكەی بۆ سەر ئێران بەخشراون و ئەو وڵاتانەش پێكهاتبون لە وڵاتانی چین، ژاپۆن، هیندستان، تورکیا، ئیتاڵیا، کۆریای باشوور، یۆنان و تایوان.
Top