حەسەن نەسروڵڵا ئامادەکاریی بۆ شەڕێکی سەخت دەکات و کاتەکەی ئاشکرا دەکات
ئەمڕۆ یەکشەممە 21-4-2019، رۆژنامەی (رەئی) کوێتی لە زاری سەرچاوەکانییەوە، بڵاوی کردووەتەوە، کە حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا لەگەڵ سەرکردەکانی حزبەکەی کۆ بووەتەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، حەسەن نەسروڵڵا بە سەرکردەکانی میلیشیاکەی راگەیاندووە، ئەگەری دروستبوونی شەڕێکی سەخت لەنێوان حزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل لە هاوینی داهاتوو، هەیە.
ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵا کە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی حزبەکەی، ئاماژەی بە ئەگەری کوژرانی خۆی لەو شەڕەدا کردووە و رایگەیاندووە، ”رەنگە ماوەیەکی زۆرتر لەناوتان نەمێنمەوە. رەنگە ژمارەیەکی زۆری ئێوە لەگەڵ من لەلایەن ئیسڕائیلەوە تیرۆر بکرێن“.
سەرچاوەکانی ئەو رۆژنامەیە باسیان لەوە کردووە، کە پێشتر هەرگیز حەسەن نەسروڵڵایان بەو رەشبینییە نەبینیوە، کە ئەگەری دروستبوونی ئەو شەڕەی بۆ %70 بەرز کردووەتەوە و رایگەیاندووە، ”ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ بۆردومانکردنی یەک تا دوو هەزار ئامانجی حزبوڵڵا لە یەکەم رۆژی شەڕدا، کردووە“.
حزبوڵڵای لوبنانی، کە خاوەن میلیشیایەکی بەهێزی چەکدارییە، نوێنەرایەتیی پێکهاتەی شیعەمەزهەب دەکات و حەسەن نەسروڵڵای ئەمینداری ئەو حزبەش چەند جارێک رایگەیاندووە، کە کۆماری ئیسلامیی ئێران چەک و پارەی حزبەکەی دابین دەکات.
باسنيوز