تورکیا دوو کەس بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیر دەکات و ئیمارات رەتی دەکاتەوە
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی (ئەنادۆڵ)ی فەرمیی تورکیا، سامر سەمیح شەعبان (تەمەن 40 ساڵ) و زەکی یوسف حەسەن (تەمەن 55 ساڵ)، لە ئیستەنبوڵ بەتۆمەتی سیخوڕیکردن بەسەر بەرپرسانی رەوتی ئیخوان موسلیمین، بزووتنەوەی فەتحی فەلەستین و بزووتنەوەی بەرگریی ئیسلامیی فەلەستینی (حەماس)، دەستگیر کراون.
داواکاری گشتیی کۆماری تورکیا لە ئیستەنبوڵ رایگەیاندووە، ئەو دوو دەستگیرکراوە پەیوەندییان بە محەمەد دەحلان، سەرکردەی فەلەستین لە ئیمارات هەبووە، کە تورکیا بە یەکێک لە پیلانداڕێژەرانی کودەتا شکستخواردووەکەی هاوینی 2016ـی سوپای تورکیای دادەنێت
دەسەڵاتدارانی تورکیا پێیان وایە ئەو دوو کەسە فەلەستینییە سیخوڕییان بۆ بەرژەوەندیی ئیمارات کردووە.
لە بەرامبەردا، ئەنوەر قڕقاش، وەزیری دەوڵەتی ئیمارات بۆ کاروباری دەرەوە لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر) رایگەیاندووە، پێی وایە بەهۆی ئەوەی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)ی دەەڵاتداری تورکیا لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکان تووشی شکست بووە، دەیەوێ بە هەواڵی گوایا دوو سیخوڕی ئیماراتی دەستگیرکران، شکستەکەی بشارێتەوە.