"ئەمەریکا و توركیا لەبارەی سووریا ھەماھەنگی دەكەن"
رۆبەرت پالادینۆ، جێگری گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری کوردستان24 لە واشنتن لەبارەی ھەڵوێستی ئەمەریكا لە ئەگەری ھێرشی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا رایگەیاند، ئەوان وەکو ئەمەریکا پابەندن بەوەی ھەماھەنگییەکانیان لەگەڵ تورکیا بەردەوام بێت لەبارەی ھەر ھەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی تورکیا ھەبێت.
رۆبەرت پالادینۆ، گوتی: "ئەمەریکا و تورکیا لەسەر پرسی سووریا ھەماھەنگیان کردووە و بەتایبەتی ئەو پرسانەی کاریگەریان لەسەر ئاسایشی تورکیا و باکوری رۆژھەڵاتی سووریا ھەیە. بێگومان ھەروەکو دەشزانی ھێزەکانی ئەمەریکا لەو ناوچەیە جێگیر کراون بە مەبەستی لەناوبردنی داعش و پێشەڤەچوونی زۆر لەو روووە ھەبووە، بەڵام ھێشتا ئەرکەکەمان کۆتایی نەھاتووە. سەرۆك ترەمپ و سەرۆك ئەردوغان ئەم پرسەیان لەمیانەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوانیان باسکرد، ھەردوولاشمان پابەندین بەوەی ھەماھەنگیمان ھەبێت سەبارەت بە ھەر ھەڕەشەیەك کە رووبەڕووی تورکیا و ناوچەکە دەبێتە".
سەبارەت بە پەیوەندییەكانی ھەسەدە و ئەمەریكا رۆبەرت پالادینۆ، رایگەیاند: "ھەسەدە ھاوپەیمانێکی گرنگی ئێمەیە لە شەڕی داعش و ئامانجی ئێمە بۆ ھەسەدە ھەمان شتە بۆ زۆربەی گرووپەکانی لەنێو سووریا و ئەوەش کە بەشێك بن لە گۆڕانکارییە ریشەییەکانی سووریا".
K24