ئەمریکا مووشەکێکی پێشکەوتوو بە تورکیا دەفرۆشێت
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، بەهای گرێبەستەکەی تورکیا و ئەمریکا 3 ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە و وەزارەتی دەرەوەش رەزامەندیی لەسەر گرێبەستەکە داوە.
بەپێی گرێبەستەکە، ئەمریکا سیستەمی مووشەکیی (پاتریۆت) بۆ بەرگریی ئاسمانی و دژەمووشەکی دەداتە ئەنقەرە، بە مەبەستی ”پاراستن و بەهێزبوونی توانای بەرگریی تورکیا“.
پێشتر تورکیا داوای 20 سەکۆی مووشەکی و 80 مووشەکی پاتریۆتی لە ئەمریکا کردبوو.
فرۆشتنی ئەو سیستەمە مووشەکییە بە تورکیا لەلایەن ئەمریکاوە لەکاتێک دایە، کە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و واشنتن بەهۆی کڕینی سیستەمی دژەمووشەکیی S400ـی رووسی لەلایەن حکوومەتی تورکیا، ئاڵۆز بوون.
باسنیوز