70 ئەندامی هێزە سەربازییەکانی تورکیا دەستگیر کران

 70 ئەندامی هێزە سەربازییەکانی تورکیا دەستگیر کران
بەپێی ڕاپۆرتی میدیایەکی تورکیا، هێزە ئەمنییەکانی ئەو وڵاتە لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم 70 ئەندامی هێزی سەربازیی ئەو وڵاتەیان بە تۆمەتی تێوەگلان لە کوودەتاکەی ساڵی 2016 دەستگیر کردووە.



ئاژانسی (ئەنەدۆڵوو) لەمبارەوە بڵاوی کردووەتەوە، ئەو کەسانە هەموویان ئەندامی هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی ئێستا و پێشووی تورکیان و بە فەرمانی داواکاری گشتیی ئەو وڵاتە لە پارێزگاکانی "قەیسەریە، شێرناخ، سیواس، توقات و قوجائیلی" بە تۆمەتی ئەندامەتی لە ڕێکخراوی "خزمەت"ی سەر بە فەتحولا گولەن کەسایەتیی ئایینیی دژبەری حکوومەتی تورکیا دەستگیر کراون.



ئەو کەسانە هاوکات ئەو تۆمەتەیان خراوەتە پاك کە شەوی کوودەتاکە بەرنامەی نەرم‌ئامێری (بای لاک)یان بەکار هێناوە و یارمەتیی کوودەتاچییەکانیان داوە.



ئەنقەرە ڕێکخراوی خزمەتی گولەن (بانگخواز و ئۆپزسیۆنی دانیشتووی ئەمریکا) بە تیرۆریست و هۆکاری پشت کوودەتا ناسەرکەوتووەکەی ساڵی 2016ی تورکیا دادەنێت.



لە کاتی ئەو کوودەتایەدا کە لەلایەن زۆرێک هێزە سەربازییەکانی تورکیا و بە پشتبەستن بە کەلوپولی سەربازیی سوپا وەک "دەبابە، فڕۆکەی جەنگی و..." ئەنجام درا، نزیکەی 250 کەس کوژراون و زیاتر لە دوو هەزار کەسیش بریندار بوون.



حکوومەتی تورکیا بە فەرمانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری ئەو وڵاتە، سەرەڕای ڕاگەیاندنی باری نائاسایی، زیاتر لە 70 هەزار کەسی دەستگیر و نزیکەی 170 هەزار کەس لە فەرمانبەرانی دەوڵەتی لە کار دەکرد کە ئەم ڕەوتە ئێستاش هەر بەردەوامە و زۆرێک لە هێزە سەربازییەکان و ئەفسەرە پلە باڵاکانی تورکیا هەڵاتوون.





باسنیوز
Top