ڕێپۆرتێرانی بێ‌سنوور: ئەمساڵ 80 میدیاکار لە جیهان کوژراون

 ڕێپۆرتێرانی بێ‌سنوور: ئەمساڵ 80 میدیاکار لە جیهان کوژراون
بەپێی ڕاپۆرتی نوێی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، ساڵی 2018ی زایینی لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان 80 میدیاکار لە کاتی ڕووماڵی ڕووداوەکاندا کوژراون.

ڕادیۆ ئەڵمانیا بە پشتبەستن بە زانیاریی ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور، بڵاوی کردووەتەوە، لە ساڵی 2018ی زاییندا زیاتر لە 80 هەواڵنێر و میدیاکار لە کاتی چالاکیی میدیاییدا لە شوێنی جیاجیای جیهان گیانیان لەدەست داوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، نیوەی ئەو میدیاکارانە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزیی لە وڵاتانی ئەفغانستان، سووریا، مەکزیک، یەمەن و هیندستان گیانیان لەدەست داوە.

ڕێکخراوی هەواڵنێرانی بێ‌سنوور لە بەرانبەر ئەو ئامارانەدا نیگەرانیی دەربڕیوە کە ئەمنیەت و ئاسایشی گیانیی میدیاکاران و ڕێپۆرتێران لە کاتی ڕووماڵی رووداوەن و بەتایبەت لەو ناوچانەی شەڕ و توندوتیژییان تیدایە، لە مەترسیدایە و دەبێ زیاتر گرنگییان پێ بدرێت.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتدا ئەماژە بە ڕەوشی دەستگیر و زیندانیکردنی ڕۆژنامەنووس و هەواڵنێران لە وڵاتانی "میسر، تورکیا، چین و سعوودیە" کراوە و باس لەوەش کراوە کە ئازادی ڕادەربڕین و نووسین و ڕۆژنامەنووسیی بێلایەن لە زۆرێک لە وڵاتان لەگەڵ بەربەستی جیدی بەرەوڕوویە.











باسنيوز
Top