نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لە ئێران ئیدانە کرد

 نەتەوە یەکگرتووەکان جارێکی دیکە پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لە ئێران ئیدانە کرد


کۆڕی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ، پێشێلکاریی مافی مرۆڤی لە ئێران ئیدانە کرد.



بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی "ئێران ئەنترنەشناڵ" بڕیارنامەی ئیدانەکردنی پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران، بە 84 دەنگی بەڵێ و لە بەرانبەردا 30 دەنگی دژبەر ئێوارەی دوێنێ دووشەممە 2018.12.17 پەسەند کرا و 67 وڵاتیش دەنگی سپییان داوە.



چین، هیند و ڕووسیا لەگەڵ وڵاتانی دیکەی هاوبەشی بازرگانی و دراوسێی ئێران بۆ وێنە ئەفغانستان و ئەرمینیا و عێراق، لەو وڵاتانە بوون کە دەنگی سپییان بەو بڕیارنامەیە لەدژی ئێران داوە.



لە بەرانبەردا هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی و لەسەرووی هەموویانەوە سعوودیە، ئیمارات و عومان هاوڕێ لەگەڵ وڵاتانی ڕۆژئاوا، پێشێلکاریی مافی مرۆڤیان لە ئێران ئیدانە کردووە. قەتەر و کوێتیش لە ڕیزی ئەو وڵاتانە بوون کە دەنگی سپییان بە بڕیارنامەکە داوە.



ڕەشنووسی ئەو بڕیارنامەیە بە پێشنیاری کەنەدا و لە ناوەڕاستی وەرزی پاییز لە کۆمیتەی سێیەمی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا خرایە بەرباس.



لەو بڕیارنامەیەدا حکوومەتی ئێران لەبەر ڕەخساندنی بەربەستی توندوتۆڵ لە بەرانبەر ئازادیی ڕادەربڕین، ئەندێشە و ئازادیی مەزهەبی ناودێر و مەحکووم کراوە.



ڕێژەی زۆری سێدارەکان لە ئێران و بەتایبەت تۆمەتبارانی مادە هۆشبەرەکان، لەو حاڵەتانەن کە وەک پێشێلکاریی مافی مرۆڤ لە ئێران لەو بڕیارنامەیەدا ئاماژەیان پێکراوە. هاوکات لەو بەڵگەیەدا لە بەرانبەر سزای سێدارەی مێرمنداڵان لە ئێران نیگەرانی دەربڕاوە.



بەپێی زانیاریی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێدانەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ئێران لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی 2018دا لە ئێران لە کۆی 10 کەس کە بەهۆی تۆمەتی مادە هۆشبەرەکانەوە لەسێدارە دراون، پێنج کەسیان کوردن، لە بەرانبەردا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ٩ چالاکوانی سیاسی و مەزهەبیی کورد لەسێدارە دراون.







باسنيوز
Top