یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا هۆشداری دەدەنە تورکیا

 یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا هۆشداری دەدەنە تورکیا
بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا ڕایان گەیاندووە، هێزەکانی "هەسەدە و یەپەگە" لەناو هێزی هاوپەیمانانن و هەر هێرشێک لەلایەن تورکیاوە بۆ سەر ئەوان هێرشە بۆ سەر ئەمریکا.



ئەم هەڵوێستەی بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا لە کاتێک دایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا هەڕەشەی کردووە بەمزوانە ئۆپەراسیۆنی هێرش بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی فورات دەست پێدەکەن و هاوکات داواینا لە ئەمریکا کردووە واز لە هاوکاری و پەیوەندییەکانیان ەلەگڵ یەپەگە و هەسەدە بهێنن.



هەر لەم پەیوەندییەدا یەکێتیی ئەورووپا داوای لە تورکیا کردووە خۆی لە هەر چالاکییەکی تاکلایەنانەی سەربازی لە سووریا بە دوور بگرێت.



فێدریکا موگرینی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە تورکیا کردووە کە بارودۆخی سەربازیی سووریا ئاڵۆز نەکات و خۆی لە هەرچەشنە چالاکییەکی سەربازی لەناو خاکی ئەو وڵاتە بەدوور بگرێت.



لەو ڕاگەیەندراوەدا موگرینی دەڵێت: ئامانجی هەموو لایەک شەڕی تیرۆر و لەناوبردنی داعش و گەڕانەوەی سەقامگیرییە بۆ سووریا، لەم سۆنگەیەوە پێشبینی دەکەین دەسەڵاتدارانی تورکیا خۆیان لە هەر هەنگاوێک کە ببێتە هۆی دوورکەوتنەوە لەو ئامانجانە بەدوور بگرن".



بەپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی تورکیا و ئەمریکا لەبارەی "منبج" وەڵامی نیگەرانییەکانی تورکیا بدرێتەوە.









باسنیوز
Top