ئەمریکا: لە ئێران 800 چالاکی مافی مرۆڤ لە زیندانن
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەو ئەکاونتەدا وێڕای ئاماژە بە ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئێران گرتووە کە پرسی مافی مرۆڤ لەو وڵاتە لە دۆخێکی خراپدایە.
مایک پمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش ڕۆژی دووشەممە هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ، وێڕای بە تاوانبار ناساندنی ئێران بەهۆی (بارمتەگرتنی) هاووڵاتییانی ئەمریکی، داوای ئازادکردنی (ڕابێرت لوینسۆن) و هاووڵاتییانی دیکەی ئەمریکیی لەو وڵاتە کرد.
بەپێی ئاماری سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ، بێجگەلە هاووڵاتییانی ئێران، لە گرتووخانەکانی ئێران 600 بیانی لە زیندانەکانی ئێران ڕاگیراون.
بڵاوکردنەوەی ئەو ئامارە لەبارەی ڕێژەی بەندکراوانی مافی مرۆڤ لە ئێران لە کاتێک دایە کە چالاکوانانی مافی مرۆڤی نەتەوەکانی دیکەی ئێران پێیان وایە ئەو ڕێژە و ژمارەی بەندکراوانی بواری مافی مرۆڤ و چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی زۆر لەوە زیاترە و لەو باوەڕەدان تەنانەت لە خستنەڕووی ئاماری بەندکراوانیشدا لە بەرانبەر نەتەوەکانی (کورد، تورکی ئازەری، عەرەب، بەلووچ و گیلەک)دا هەلاواردن دەکرێت.
بەپشتبەتن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، تەنیا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی هەزار هاووڵاتیی کورد لە زیندانن و 200 کەس لەو بەندکراوانە کە چالاکوانی سیاسین، کە لە سێ ساڵەوە هەتا 35 ساڵ حوکمیان پێدراوە و 25 کەسیان حوکمی سێداریان بەسەردا سەپێنراوە، هاوکات سەدان هاووڵاتیی دیکەی کوردیش لە گرتووخانە جیاجکانی ڕۆژهەڵات و ئێران بەندکراون کە چارەنووسیان ناڕوونە و هێشتا حوکم نەدراون.
ئەمە ئامارە جیایە لە ئاماری ئەو چالاکوانە مەزهەبییە کوردانەی کەلە گرتووخانەکان ڕاگیراون و حوکمی درێژخایەنیان بەسەدا سەپێندراوە.
باسنیوز