ماکرۆن و نوێنەری ئێلەگ زەردەکان کۆ دەبنەوە
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆشکی ئێلیزی (کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا)، کۆبوونەوەکەی ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی ئەو وڵاتە و نوێنەری سەندیکاکانی کرێکاران و خاوەن کارەکانی فەرەنسا، کاتژمێر 9ـی سەرلەبەیانیی (کاتژمێر 11 بە کاتی هەولێر)، لە رۆژی دووشەممە 10/12/2018، ئەنجام دەدرێت.
ئەو کۆبوونەوەیە دوای توندوتیژترین خۆپیشاندانی ئێلەگ زەردەکان دێت، کە سەدان دوکان و چێشتخانە و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییانیان سووتاند.
لە کۆبوونەوەکەدا، ئیمانوێڵ ماکرۆن داوا لە نوێنەری ئێلەگ زەردەکان دەکات، کۆتایی بە خۆپیشاندان و کارە توندوتیژییەکان بهێنن.
بڕیاریشە ئێوارەی ئەمڕۆ ماکرۆن وتارێک لەبارەی رەوشی وڵاتەکەی و ئاکامی خۆپیشاندان، پێشکەشی گەلەکەی بکات.
رۆژی شەممەی رابردوو، ئێلەگ زەردەکان گەورەترین خۆپیشاندانیان لە فەرەنسا ئەنجام دا و بەهۆی دروستکردنی پشێوی و توندوتیژیشەوە، 1723 کەسیان دەستگیر کران
لە ناوەڕاستی مانگی 11ـی 2018ـەوە هاووڵاتییانی فەرەنسا دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی خۆپیشان دەکەن و هەموویان چاکەتێکی فسفۆرییان لەبەر کردووە و بە ئێلەگ زەردەکان دەناسرێنەوە.
بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی دوای بڕیارێکی ئیمانوێڵ ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا دێتل کە بڕیاری دابوو باجی سەر سووتەمەنی بەرز بکاتەوە، بەو مەبەستەی خەڵک زۆرتر ئەو هۆکارانەی گواستنەوە بەکار بهێنن، کە دۆستی ژینگەن.
باسنیوز