عه‌بدوڵڵا گویل بەنیازە ئەمجارە ئه‌ردۆغان بڕوخێنێ

 عه‌بدوڵڵا گویل بەنیازە ئەمجارە ئه‌ردۆغان بڕوخێنێ
رۆژنامه‌یه‌كی نزیك له‌ ئاكپارتی، چه‌ند زانیارییه‌كی له‌باره‌ی كۆبوونه‌وه‌ی نێوان عه‌بدوڵڵا گویل سه‌ركۆماری پێشووی توركیا و كه‌مال كلیچدارئۆغلو سه‌رۆكی جه‌هه‌په‌ خستەڕوو، كه‌ هه‌فته‌ی رابردوو ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی نهێنی ئه‌نجام دراوه‌، رایگەیاند گویل دەبێتە سەرۆك حزبێك و بەنیازە ئەردۆغان بڕوخێنێت.

رۆژنامه‌ی (توركیا) كه‌ رۆژنامه‌یه‌كه‌ له‌لایه‌ن ئاكپارتییه‌وه‌ پاڵپشتی ده‌كرێت، له‌ راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد گویل ده‌یه‌وێت بێته‌وه‌ ناو سیاسه‌ت و ئیسته‌نبۆڵ له‌ ده‌ستی ئاكپارتی ده‌ربهێنێت.

به‌گوێره‌ی زانیاری ئه‌و رۆژنامه‌یه‌، گویل به‌كلیچدارئۆغلوی گوتووه‌، بۆ هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌كانی توركیا و بۆ ئیسته‌نبۆڵ، عه‌لی باباجان بكاته‌ كاندیدی جه‌هه‌په‌، چونكه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ خۆشه‌ویسته‌ لای خه‌ڵكی ئیسته‌نبۆڵ و ده‌توانێت زۆرینه‌ی ده‌نگه‌كان به‌ده‌ست بهێنێت.

عه‌لی باباجان پێشتر وه‌زیری دارایی توركیا بووه‌، یه‌كێكه‌ له‌ ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌رانی ئاكپارتی و له‌ لای زۆرێك له‌ هاووڵاتیانی توركیا و ته‌نانه‌ت ئۆپۆزسیۆنیش كه‌سێكی خۆشه‌ویسته‌.

ئه‌و تاكه‌ وه‌زیر بووه‌ كه‌ زۆرێك له‌ پارته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كان پێیان باش بووه‌ له‌ وه‌زیری دارایی توركیا بمێنێته‌وه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ره‌خنه‌یان لێ نه‌گرتووه‌، چونكه‌ لێهاتوو بووه‌ له‌ كاره‌كه‌یدا، به‌ڵام به‌هۆی تێكچوونی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌ردۆغاندا له‌ ئاكپارتی و له‌ پۆستەكەی دوور خرایه‌وه‌.

هه‌ر هه‌مان رۆژنامه‌ ئاشكرای كرد ئه‌گه‌ری زۆره‌ عه‌بدوڵڵا گویل ببێته‌ سه‌رۆكی پارتی سه‌عاده‌تی توركیا، كه‌ ئێستە ته‌مه‌ل كه‌ره‌مه‌لائۆغلو سه‌رۆكی ئه‌و پارته‌یه‌.

به‌ڵام رۆژنامه‌ی ناوبراو ئاماژه‌ ده‌دات ئه‌گه‌ر گویل له‌ بوونی به‌سه‌رۆكی پارتی سه‌عاده‌ت شكستی هێنا، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ پارتێكی تازه‌ داده‌مه‌زرێنێت.

گویل و ره‌جه‌ب ته‌ییب ئه‌ردۆغان نێوانیان له‌وپه‌ڕی خراپیدایه‌، به‌جۆرێك له‌ ماڵپه‌ڕی ئاكپارتیدا ناوی گویل وه‌كو ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ری ئه‌و پارته‌ سڕاوه‌ته‌وه‌ و له‌ دوو كۆنگره‌ی رابردووی ئاكپارتیشدا به‌شداری نه‌كردووه‌.











باسنيوز
Top