ژەنڕاڵ مارک مایلی دەکرێتە راوێژکاری باڵای سەربازی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە فەرمی ناوی ژەنڕاڵ مارک مایلی پێشکەشی ئەنجومەنی سینات کرد تاوەکو بکرێتە ڕاوێژکاری باڵای سوپای وڵاتەکەی.
ژەنڕاڵ مارک مایلی، یەکێکە لە فەرماندە سەربازییە بە ئەزموونەکانی ئەمەریکا و لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا وەکو فەرماندەیەکی سەربازی کاریکردووە.
مایلی سەرکردایەتی سەربازانی لە عێراق و ئەفغانستان کردووە و لە مانگی هەشتی 2015 وە وەکو سەرکردەی باڵای لەشکری کاریکردووە.
ئەگەر ژەنڕاڵ مارک مایلی لەلایەن ئەنجومەنی سیناتەوە پەسەندبکرێت ئەوا دەبێتە جێگرەوەی ژەنڕاڵ جۆسف دانفۆرد کە راوێژکاری باڵا و بەرپرسی ستونە هاوبەشەکانی ئەمەریکایە.
ترەمپ لە تویتێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیوویەتی، "هەردووکیان دوو پیاوی بێوێنەن لە خزمەتکردنی وڵاتەکەماندا".
هەروەها وتیشی، بەمنزیکانە کاتی دەسەڵات گواستنەوەکە دەستنیشان دەکرێت.
ژەنڕاڵ جۆسف دانفۆرد سەرکردەی پێشووی هێزی مارینزە و سەرکردەی هێزەکانی هاوپەیمانانە لە ئەفغانستان، ماوەکەی ئەو وەکو بەرپرسی ستونە سەربازییە هاوبەشەکان لە 1 ی مانگی 10 کۆتایی پێدێت.
خەندان