حەسەن: ئەمریکا تیرۆری ئابووری بەرامبەر ئێران ئەنجام دەدات
بەپێی هەواڵی میدیاکانی ئێران، ئەمڕۆ شەممە 8/12/2018 حەسەن رۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رایگەیاندووە، کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتنی ناوکی و سەپاندنی سزاکان بەسر ئێران، ”تیرۆری ئابووری“ی ئەمریکا.
حەسەن رۆحانی هەروەها رایگەیاندووە، ئەگەر بەهۆی سزاکانەوە تواناکانی ئێران بۆ رووبەڕووبوونەوری ماددە هۆشبەرەکان، پەنابەران و تیرۆر لاواز بێت، ئەوا ئەمریکا و رۆژئاوا ”لە لافاوی ماددە هۆشبەرەکان، پەنابەر و تیرۆریستان پارێزراو نابێت“.
دوای کشانەوەی ئەمریکا لە رێککەوتننامەی ناوکی و سەپاندنی چەندین سزا بەسەر ئێران، دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لە هەموو ئەو وڵات و لایەنانە کرد، کە یان دەبێ بچنە بەرەی ئێران یاخود پابەندی سزاکانی ئەمریکا بن بەسەر ئێران.
شەوی 8/5/2018، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک، واژۆ کرد.
رێککەوتنی ناوکیی ئێران و وڵاتانی پێنج + یەک لە سەرەتای نیسانی 2015 لە شاری لۆزان لە سویسڕا واژۆ کرا، کە بەپێی ئەو رێککەوتنە ئێران دەستبەرداری دروستکردنی چەکی ناوکی دەبێت و ئەمریکاش سزاکانی لەسەر ئەو وڵاتە سووک دەکات.
وڵاتانی پێنج + یەک بریتین لە پێنج وڵاتی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، فەرەنسا، رووسیا، بەریتانیا و چین) و ئەڵمانیا پێک دێت.
باسنیوز