لەبارەی ڕەوشی ئێران ئەمریکا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات
ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە 2018/1/2 وێڕای پشتیوانی و بەرز نرخاندنی ویستی ڕەوای خۆپیشاندەران لە ئێران، ڕەخنەی توندی لە کۆماری ئیسلامی گرت کە خەڵکی مافویستی کردووەتە ئامانج و گوتی: "ئێران گرنگترین شوێنە لە جیهاندا کە پێویستی بە ئاشتییە".
هاوکات لەمبارەوە "سارا سەندێرز" گوتەبێژی کۆشکی سپی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد: "ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیانی ئەو وڵات بگرن هەتا بۆ گۆڕانکاری ویست و داواکانی خۆیان بە شێوەی ئاشتیانە دەرببڕن".
دوای خۆپیشاندان و گرژی و ئاڵۆزییەکانی حەوت ڕۆژی ڕابردوو لە ئێران، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا وەک "دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆمار، مایک پێنس جێگری ترەمپ و کۆمەڵێک لە کۆنرێسکمانەکانی ئەو وڵاتە بە جیا لە چەند لێدواندا پشتیوانییان لە خۆپیشاندەرانی ئێران کردووە و هاوکات ڕەخنەیان لە هەلسوکەوتی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و بەرپرسانی ئەو وڵاتە گرتووە.
دوێنێ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکدا گوتی: "دوژمنانمان لەدژی ئێمە یەکیان گرتووە و ئامانجیان زەربەدان لە جوهەری کۆماری ئیسلانییە".
لە ماوەی حەوت ڕۆژ لە خۆپیشادانەکانی ئێران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە کە لە بەرانبەر بێکاری، ڕەوشی خراپی ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاری ڕوویان داوە، 24 کەس کوژراون کە دوو کەسیان ئەفسەری هێزە ئەمنیەکانی ئێران و 22 کەسیشیان هاووڵاتی بوون و بە بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 600 کەس لە سەرتاسەری ئێران دەستگیر کراون کە 450 کەسیان لە تارانن.
باسنیوز