لەبارەی ڕەوشی ئێران ئەمریکا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات

 لەبارەی ڕەوشی ئێران ئەمریکا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات
نیکی هێلی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە لە بەرانبەر پەرچەکردار بە ڕووداوەکانی ئەم چەند ڕۆژەی ئێران، ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان خێرا کۆ ببێتەوە.



ئەو بەرپرسە باڵایەی ئەمریکا دوێنێ سێشەممە 2018/1/2 وێڕای پشتیوانی و بەرز نرخاندنی ویستی ڕەوای خۆپیشاندەران لە ئێران، ڕەخنەی توندی لە کۆماری ئیسلامی گرت کە خەڵکی مافویستی کردووەتە ئامانج و گوتی: "ئێران گرنگترین شوێنە لە جیهاندا کە پێویستی بە ئاشتییە".



هاوکات لەمبارەوە "سارا سەندێرز" گوتەبێژی کۆشکی سپی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک داوای لە دەسەڵاتدارانی ئێران کرد: "ڕێز لە مافە سەرەتاییەکانی هاووڵاتیانی ئەو وڵات بگرن هەتا بۆ گۆڕانکاری ویست و داواکانی خۆیان بە شێوەی ئاشتیانە دەرببڕن".



دوای خۆپیشاندان و گرژی و ئاڵۆزییەکانی حەوت ڕۆژی ڕابردوو لە ئێران، بەرپرسانی باڵای ئەمریکا وەک "دۆناڵد ترەمپ، سەرکۆمار، مایک پێنس جێگری ترەمپ و کۆمەڵێک لە کۆنرێسکمانەکانی ئەو وڵاتە بە جیا لە چەند لێدواندا پشتیوانییان لە خۆپیشاندەرانی ئێران کردووە و هاوکات ڕەخنەیان لە هەلسوکەوتی دەزگا ئەمنییەکانی ئێران و بەرپرسانی ئەو وڵاتە گرتووە.



دوێنێ عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە لێدوانێکدا گوتی: "دوژمنانمان لەدژی ئێمە یەکیان گرتووە و ئامانجیان زەربەدان لە جوهەری کۆماری ئیسلانییە".



لە ماوەی حەوت ڕۆژ لە خۆپیشادانەکانی ئێران لە سەرتاسەری ئەو وڵاتە کە لە بەرانبەر بێکاری، ڕەوشی خراپی ئابووری و نەبوونی خزمەتگوزاری ڕوویان داوە، 24 کەس کوژراون کە دوو کەسیان ئەفسەری هێزە ئەمنیەکانی ئێران و 22 کەسیشیان هاووڵاتی بوون و بە بە گوێرەی ئامارە نافەرمییەکان نزیکەی 600 کەس لە سەرتاسەری ئێران دەستگیر کراون کە 450 کەسیان لە تارانن.





باسنیوز
Top