کۆشکی سپی: بەمزوانە ترەمپ ستراتیجیی نوێ بەرانبەر بە ئێران ڕادەگەیەنێت

 کۆشکی سپی: بەمزوانە ترەمپ ستراتیجیی نوێ بەرانبەر بە ئێران ڕادەگەیەنێت
سارا سێندرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی دوێنێ سێشەممە ئاشکرای کرد، دۆناڵد ترەمپ سەرکۆماری ئەمریکا، هەتا کۆتایی ئەم هەفتەیە ستراتیجیی گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بەرانبەر ئێراندا بڵاو دەکاتەوە.



بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسی ڕۆیتەرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی کاتی پەسەند یان ڕەتکردنەوەی پابەندیی ئێران لەبارەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ شەش زلهێزی جیهان کە لەلایەن ترەمپەوە بڕیاری لەبارەوە دەدرێت، گوتی: "سەرکۆماری ئەمریکا هەتا کۆتایی ئەم هەفتەیە ئەم بابەتە ڕادەگەیەنێت و یەکلایی دەکاتەوە".



دۆناڵد ترەمپ، یەکێک لە ڕەخنەگرانی ڕێککەوتنی ناوکییە و بە "جێگەی شەرمەزاری" بۆ ئەمریکای وەسف کردووە، بەرپرسانی ئەمریکاش دەڵێن، ترەمپ ڕۆژی 2017/10/15 ڕای دەگەیەنێت کە ئێران پابەندی ڕێککەوتنی ئەتۆمی نەبووە.



بەپێی هەمان ڕاپۆرت، هاوکات جاوەڕوان دەکرێت کە سەرکۆماری ئەمریکا لە چوارچێوەی ستراتیجیی نوێ لە بەرانبەر ئێراندا، سوپای پاسداران بخاتە ناو لیستەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.



سارا سێندرز، لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کردووە، سەرکۆماری ئەمریکا لەبارەی ستیراتیجیی نوێ لەدژی ئێران بڕیاری خۆی داوە و دەیهەوێ، خاترجەم بێت کە سیاسەتێکی گشتگیر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو سیاسەتانەی ئێران کە وەک ئەکتەرێکی "خراپ" دەیگێڕێت، بگرێتە بەر.



دۆةاڵد ترەمپ، ئێران بە پاڵپشت و هاندەری تیرۆریزم و توندوتیژی تاوانبار دەکات و پێی وایە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی شەش زلهێزی دنیا لەگەڵ ئێران، بە ڕادەی پێویست، ئەو دەسەڵات و ئامرازەی نییە هەتا ڕێگری لە دەستپێڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ئەتۆم بکات.



ئەمە لە حاڵێک دایە کە ئێران ڕەتی دەکاتەوە کە بەرنەما ناوکییەکەی بە ئامانجی دەست پێڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بێت.



هاوکات لەگەڵ دژایەتیی ئەمریکا لەگەڵ ڕێککەوتنی ناوکی، چەند وڵاتێکی ئەورووپی نیگەرانیی خۆیان لە هاتنە دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران دەربڕیوە.



بەپێی یاسای پەسەندکراوی کۆنگرێس، دەوڵەتی ئەمریکا لەسەریەتی هەر 90 ڕۆژ جارێک دەبێ لە ڕاپۆرتێکدا بۆ یاساناسان پابەندبوونی ئەو وڵاتە، یان ئێران بە ڕێککەوتنی ناوکی پەسەند بکات.



هاوکات لەگەڵ گوشار و زەختی ئەمریکا و بەتایبەت دۆناڵد ترەمپ بۆ بڕیاردان لەبارەی سوپای پاسداران وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریست"ی، بەرپرسانی باڵای سەربازیی ئیرانیش هەڕەشەی ئەوەیان کردووە ئەوانیش سوپای ئەمریکا دەکەنە ئامانج و وەک ریکخراوی داعش هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکەن.


باسنيوز
Top