له كۆنیا 30 سه‌ربازی توركیا ده‌ستگر ده‌كرێن
ئه‌وه‌ی حكوومه‌ت لێی ده‌ترسێ ده‌زگای سه‌ربازییه، چونكه وه‌كو ئه‌وه‌ی باس ده‌كرێت و له هه‌واڵ و به‌دواداچوونه‌كاندا قسه‌ی له‌باره‌وه ده‌كرێت، گوله‌نییه‌كان زۆرترین كاریگه‌رییان له‌سه‌ر كه‌رتی سه‌ربازی توركیا هه‌یه، هه‌ر بۆیه له‌و رێگه‌یه‌وه ویستوویانه كوده‌تا ئه‌نجام بده‌ن.
رۆژانه ئۆپه‌راسیۆن بۆ ده‌ستگیركردنی سه‌ربازانی توركیا ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌و سه‌ربازانه دان به‌وه‌دا نانێن سه‌ر به گوله‌ن بن. ئه‌مڕۆش له 2 ئۆپه‌راسیۆنی گه‌وره‌دا له كۆنیا، ئاسایشی ئه‌و شاره 30 سه‌ربازی ده‌ستگیر كردووه و تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی داونه‌ته پاڵ به نهێنی په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌ت هه‌بێت، كه فه‌تحوڵڵا گوله‌ن به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی ئاساییشی كۆنیا، توانیویانه 30 سه‌رباز ده‌ستگیر بكه‌ن كه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ی خزمه‌تدا هه‌بووه، به‌ڵام 40 سه‌ربازی تریش فه‌رمانی گرتنیان بۆ ده‌رچووه و تاوه‌كو ئێستە نازانرێت له كوێ خۆیان شاردووه‌ته‌وه.
پێشتریش چه‌ند رۆژنامه و شاره‌زای سه‌ربازی توركیا ئاشكرایان كردبوو، كه تاوه‌كو ئێستەش 40%ی كه‌رتی سه‌ربازی به نهێنی سه‌ر به فه‌تحوڵڵا گوله‌نن، به‌ڵام حكوومه‌تی توركیا نه‌یتوانیوه ده‌ستگیریان بكات، چونكه به‌ڵگه‌ی پێویستی له‌به‌ر ده‌ستدا نییه.
باسنيوز