نوێنەری خامنەیی: پاسداران نەبووایە عێراق و سووریا هەرەسیان دەهێنا

 نوێنەری خامنەیی: پاسداران نەبووایە عێراق و سووریا هەرەسیان دەهێنا
نوێنەرێکی رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران رایدەگەیەنێت، کە ئەگەر هاوکارییەکانی سوپای پاسداران نەبووایە، ئەوا هەردوو وڵاتی عێراق و سووریا هەرەسیان دەهێنا.



عەلی ئەکبەر ویلایەتی، نوێنەری عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە ئەنومەنی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران، رایگەیاندووە، کە سوپای پاسدارانی وڵاتەکەی ئەرکی ”بەرگرییە“ لە ئێران و وڵاتانی ”دۆست“.



رۆژی دووشەممە 9/10/2017، ئاژانسی (میهر)ی نیمچەفەرمیی ئێرانی لێدوانی عەلی ئەکبەر ویلایەتی بۆ رۆژنامەنووسانی وڵاتەکەی بڵاو کردووەتەوە، کە رایگەیاندووە، ئەگەر هاوکارییە سەربازییەکانی سوپای پاسداران نەبووایە، ئەوا هەردوو حکوومەتی سووریا و دیمەشق هەرەسیان دەهێنا، ”ئێستا بەغدا و دیمەشق لەلایەن بەکرێگیراوان و داعشەوە حوکمڕانی دەکران“.



ئەو نوێنەرەی عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە سوپای پاسداران بەرگریی لە ئێران و ”وڵاتانی دۆست“ دەکات، وەک ئاماژەیەک بۆ هەردوو رژێمی سووریا و حکوومەتی شیعەمەزهەبی عێراقی.



لە مانگی حوزەیرانی 2014 و لە سەردەمی سەرۆک وەزیرانیی نوری مالیکی، دوای هەرەس هێنان و شکستی سوپای عێراق، نزیکەی نیوەی خاکی عێراق، (شارۆچکەی حەویجە لە پارێزگای کەرکووک و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە و ئەنبار) لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی توندڕەوی داعش داگیر کران.


باسنیوز
Top